سێ‌ شاندی عێراقی سەردانی ئیسرائیل-یان كردووە

عیراق

07/01/2019‌ 5497 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل بڵاویكردەوە، سێیەمین شاندی عێراقی چەند هەفتەیەك لەمەوبەر سەردانی وڵاتەكەی كردووە، كە ئەوەش كاردانەوەی دروستكردووە.

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لەبەیاننامەیەك رایگەیاندووە، سێ‌ شاندی عێراقی، كە نزیكەی 15كەس بوون لە ماوەی ساڵی ڕابردووی 2018دا سەردانی ناوچە داگیركراوەكانیان كردووە.

وەزارەتەكە راشیگەیاند، ئەو شاندانەی سەردانەكەیان كردووە، لەكەسایەتییە سوننە و شیعە و سەرۆك عەشیرەتەكان پێكهاتوون، هەروەها ئاماژە بەوەش كراوە،  ئەو كەسایەتیانە لە مۆزەخانەكانی "یەد و شێم" بۆ یادی قوربانییەكانی هۆلۆكۆست سەردانیان كردووە و لەگەڵ هەندێك كەسایەتی ئەكادیمی و بەرپرسانی ئیسرائیلدا كۆبوونەوە و دانیشتنیان هەبووە.

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ئامانجی كۆتا سەردانی شاندە عێراقییەكەی دیاری نەكردووە، بەڵام ئیدی كۆهێن، لێكۆڵەر و كەسایەتی ئەكادیمی ئیسرائیلی لەلاپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر لەو بارەیەوە دەڵێت: حكومەتی عێراق بەمەبەستی پاشەكشەكردنی ئێرانییەكان لە باشووری سوریا لەپای وەستانی هێرشە ئاسمانییەكان بۆ خاكی سوریا ئەوانی ناردووە تا لەگەڵ ئیسڕائیلدا گفتوگۆ بكەن.

بەوتەی ئیدی كۆهێن، ئەو شاندانە لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی حیزبە شیعەكان لەعێراق، سوریا، لوبنان و وڵاتانی عەرەبی كەنداوی فارسیش گفتوگۆیان كردووەو هەمووشیان جەختیان لە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل كردووەتەوە.

تا ئێستا بەغدا هیچ كاردانەوەیەكی فەرمی بەو بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، یان بە قسەكانی ئیدی كۆهێن نیشاننەداوە، كە بەغدا هیچ جۆرە پەیوەندییەكی فەرمی دیپلۆماسییانەی لەگەڵ تەلەئەبیب نییەو ئەو وڵاتە بەفەرمی ناناسێت.

ئەم هەواڵانەش لە كاتێكدا بڵاوبوونەتەوە، بەم دوایانە محەمەد حەكیم، وەزیری دەرەوەی عێراق لەكۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، عێراق بڕوای بەپێویستبوونی ڕێگەچارەی پێكهاتنی دوو وڵات هەیەو بەغداش رۆڵی بنەڕەتی لە بەرزكردنەوەی ئاڵای فەلەستین لە ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكاندا بینیوە.

پاش ئەم هەڵوێستەش، ڕەوتە سیاسییەكانی عێراق ئەم وتانەی وەزیری دەرەوەیان بەواتای بەفەرمی ناساندنی ئیسرائیل بەهەژمار داناوە و ڕایانگەیاندووە، ئەو هەڵوێستەی محەمەد حەكیم، بەپێچەوانەی ئەو هەڵوێستانەیە عێراق لەماوەی ساڵانی ڕابردوو لەبارەی فەلەستینەوە هەیبووە.