شارپرێس هۆكاری دواخستنی كۆبوونه‌وه‌ی پارتی‌و یه‌كێتی به‌سه‌رۆكایه‌تی بارزانی بڵاوده‌كاته‌وه‌

sharpress.net

10941 جار خوێندراوه‌ته‌وه

07/01/2019‌

شارپرێس:
كۆبوونه‌وه‌ی سبه‌ینێ سێشه‌ممه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ كاتێكی نادیار دواخرا، شارپرێس-یش هۆكاره‌كه‌ی ئاشكراده‌كات.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی‌و یه‌كێتی، كه‌ وابڕیاربوو سبه‌ینێ سێشه‌ممه‌ ئه‌نجامبدرێت بۆ كاتێكی نادیار دواخرا، به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ش كه‌ شارپرێس له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵای نێو یه‌كێتیه‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، چه‌ند هۆكارێك بۆ دواخستنی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ هه‌بووه‌، گرنگترینیان ڤیتۆی پارتی له‌سه‌ر به‌شداریی چه‌ند كه‌سێكی نێو یه‌كێتی له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، هه‌روه‌ها شوێنی كۆبوونه‌وه‌كه‌ كه‌ بڕیاردرابوو له‌ پیرمام بێت، به‌ڵام یه‌كێتی ده‌یه‌وێت له‌ مه‌كته‌بی سیاسی ئه‌و حزبه‌ له‌شاری هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئه‌نجامبدرێت.

سه‌رچاوه‌كه‌ی شارپرێس باسی له‌وه‌كرد، پارتی ده‌یه‌وێت له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا باس له‌دابه‌شكردنی پۆسته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم بكات، به‌ڵام یه‌كێتی ده‌یه‌وێت به‌ر له‌باسكردنی ئه‌و بابه‌ته‌، رێككه‌وتنێكی سیاسی له‌گه‌ڵ پارتی واژۆبكات‌و له‌ڕێككه‌وتنه‌كه‌دا دۆسیه‌ی كه‌ركوك‌و به‌غدا‌و هه‌رێم بكاته‌ یه‌ك پاكێجی چاره‌سه‌ر.

تا ئێستا له‌ناو یه‌كێتیدا باس له‌وه‌رگرتنی پۆسته‌كانی ئه‌و حزبه‌ له‌كابینه‌ی نۆی حكومه‌تی هه‌رێم نه‌كراوه‌، به‌ڵكو یه‌كێتی زیاتر چاوی له‌ڕێككه‌وتنێكی به‌رفراوانه‌ له‌گه‌ڵ پارتی.

شارپرێس زانیویه‌تی له‌ڕۆژانی ڕابردوودا مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی، داوای له‌كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی كردووه‌، یه‌كێتی به‌ده‌م داوای پارتی بۆ په‌له‌كردن له‌ پێكهێنانی حكومه‌ت‌و كۆبوونه‌وه‌ بچێت، هاوكات محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود، سكرتێری حزبی سۆشیالست دیموكراتی كوردستان نێوه‌ندگیربووه‌ بۆ سازدانی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ی بڕیاربوو سبه‌ینێ ئه‌نجامبدرێت، به‌ڵام ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دواخرا.

هاوكات ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ی شارپرێس زانیارییه‌كی دیكه‌ی ئاشكراكرد، ئه‌ویش گرتنی كادرێكی مه‌خموری یه‌كێتیه‌ له‌لایه‌ن دژه‌ تیرۆری پارتیه‌وه‌، كه‌ ئه‌و حزبه‌ ئاماده‌نیه‌ كادره‌كه‌ی یه‌كێتی ئازاد بكات، ئه‌وه‌ش هێنده‌ی دیكه‌ی ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌و دوو حزبه‌ی قورسكردووه‌.


ڕ . ج







ads

زۆرترین خوێندراوە

ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved