پارتی لەچی نیگەرانە!

sharpress.net

11560 جار خوێندراوه‌ته‌وه

07/01/2019‌

 

پارتی هەرچەندە خۆی بەبراوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكان ئەزانێت، بەڵام ئەركەكەی لەرابردوو قورسترە، هەرئەوەشە وادەكات بەئاسانی حكومەتەكەی بۆ پێكنەهێنرێت، پارتی براوەی دوای دوو شكستی گەورەیە، یەكەم، بەباچوونی پرسی ریفراندۆم، دووەم، شكستی وەرنەگرتنی پۆستی سەرۆككماری عێراق، لەبەرەی هەردوو ململانێكەش،  بارزانی خۆی لەپشەوەی بووە، بەتایبەتی لەوەی سەرۆككۆمار، فواد حسین وەك كاندید و نوێنەری بارزانی بەشداری  پێكرا، نەك كاندیدی پارتی دیموكرات.

گۆرینی كتوپری كاندیدی پارتی لەنێچیرڤان بارزانیەوە بۆ مەسرو بارزانی و ئەكتیف كردنەوەی پرسی پۆستی سەرۆكی هەرێم، بەشێكی تری بارگرانی بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت دروست كرد، بەتایبەت كە یەكێتی پێدارگری ئەوە دەكات، دەبێت پاكێجی گفتۆگۆكان، بەغداد و كەركوك و هەرێم پێكەوە بێت و پێش باسكردنی دابەشكردنی پۆستەكان باس لە رێككەوتنێكی هەمەلایەنە بكرێت لەنێوان هەردوولا. 

ئێستا پارتی سەرباری ئەوەی خۆی بەبراوەی یەكەم دەزانێت و لەگەڵ دەنگی كۆتاكان ئەتوانێت بەتەنیا حكومەت پێكبهێنێت، بەڵام ئەو راستیەش باش دەزانێت بەبێ‌ بەشداری یەكێتی نابێتە خاوەن حكومەتێك كە سنوری قەڵەمرەویەكەی لەدێگەڵە تێپەرێت. پارتی نیگەرانە لەوەی جاران ژمارەی كورسیەكانی هێندەی ئێستا نەبوو، بەڵام لە دانانی پۆستەكانی بەغداد بە پۆستی تاڵەبانیشەوە رەئی هەبوو، ئەو پۆستەی لەبەرامبەر پۆستی سەرۆكی هەرێم دادەنا، بەڵام ئەمجارە بەپێچەوانەی ئیرادەی پارتی و بارزانی پۆستی سەرۆككۆمار بۆ یەكێتی لەناو پەرلەمانی عێراق بەجیاوازیەكی گەورە یەكلابووە، ئێستا كاتی ئەوە هاتووە پارتی لەوەتێبگات ئەوە ئەو نییە كە دەتوانێت شەرعیەت بە پۆستەكانی دەرەوەی هەرێم بدات، چونكە  هەرچی پرسی كەركویشە ئەگەر ئەنجومەنی پارێزگا كارەكانی بەو نەخشەیە بروات كە یەكێتی لەهەوڵیدایە، ئەوا پارێزگاری كەركویش لەدەرەوەی ئیرادەو خواستی پارتی یەكلادەكرێتەوە و ئەوكاتە پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم چەند ئەوەندەی ئێستا قورستر دەبێت.

ساڵانێكە هەرچی نوسەری دڵسۆز و كەسایەتی خەمخۆری ئەم وڵاتە هەیە، داوا لەپارتی و یەكێتی ئەكەن كۆتایی بە دۆخی دوو ئیدارەیی و دوو هێزی چەكدار بهێنن، كۆتایی بەو دابەشكارییە حیزبیە بهێنن كە ژیانی خەڵكی تا سەرلێواری مەرگ بردوە، چونكە تا ئەوان خاوەنی هێزی چەكداو ناوچە نفوزی خۆیان بن، تا ئەوان لەسەرو یاساوە بەهێز مامەڵە بكەن و زیندانی تایبەت بەخۆیان هەبێت،  ئەبێت چۆن وەك ئەو نمایشە گاڵتە ئامێزەی چەند رۆژی رابردوو، هەردوولا بەوە رازی بوون دیل بەدیل بكەن، ئاواش دەنگ و كورسی پەرلەمان و حكومەت تاو شوێنە گرنگی دەبێت، كەبەرژەوەندیەكانی هەردوو حیزب نەكەوێتە مەترسییەوە، دیارە ئەوەش بەرئەنجامی ئەو دۆخەیە كەخۆیان بەدرێژایی 28 ساڵی حومرانیان چیان چاندوە ئێستا هەر ئەوە ئەدورنەوە.






ads

زۆرترین خوێندراوە

ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved