فەرماندەیەکی پێشمەرگە: بەشێك لە سەربازانی ئەمریكا بە هەمیشەیی لەكەركوك دەمێننەوە

عیراق

08/01/2019‌ 1668 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەستا ڕەسوڵ فەرماندەی میحوەری چواری هێزەكانی پێشمەرگە لەكەركوك ئاماژە بەهاتنی ژمارەیەك لەهێزەكانی ئەمریكا بۆ ناو شاری كەركوك كرد‌و دەڵێت: بەشێك لەو هێزە ئەمریكییانە بۆ هەمیشەیی لەكەركوك دەمێننەوە".

وەستا رەسوڵ لەچاوپێكەوتنێكی لەگەڵ دەنگی ئەمریكا دەشڵێت: هێزەكانی ئەمریكا، چەند ئەركێكی گرنگیان هەیە بونیان لەشارەكە گرنگە، "دەمێكە داوامان لە ئەمریكییەكان كردووە ناوەندێكی هەماهەنگی نێوان هێزە عێراقییەكان و هێزەكانی پێشمەرگە لەكەركوك دروستبكەن و خۆیان سەرپەرشتی بكەن، لەدوای دروستبوونی ئەو ناوەندە هاوبەشە نابێت حەشدی شەعبی لەناوچەكەدا بمێنێت ئەوە مەرجی ئێمەیە، چونكە وەك هێزی پێشمەرگە مامەڵە لەگەڵ سوپای عێراق و هێزەكانی سەر بەوەزارەتی ناوخۆ دەكەین، مامەڵەمان لەگەڵ حەشدی شەعبی نابێت بۆیە ڕەنگە ئەوان بكشێنەوە بۆ ناوچە شیعە نشینەكانی خوارووی كەركوك، بۆیە ڕەنگە مانەوەی ئەو هێزە ئەمریكیە ئەركی سەرەكی ڕۆڵیان بێت وەك چەترێكی كۆكەرەوە لەنێوان هێزەكانی عیراق و پێشمەرگە، بەڵام نابنە شوێن گرەوەی هێزە عێراقییەكە".

هەروەها دەڵێت: "پارتی و یەكێتی هاوهەڵوێستن لەسەر گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك هیچ ناكۆكییەك لەو ڕووەوە نییە"و جەخت دەكاتەوە لە 16ی ئۆكتۆبەر هیچ ڕێكەوتنێك نەبووە بۆ كشانەوەی پێشمەرگە لەكەركوك‌و وتی: "ئەگەر ڕێكەوتن هەبوایە من بۆ شەڕم دەكرد لە هێزەكەم 29  شەهیدم  دەدا؟!.

ئەمە لەكاتێكدایە چەند رۆژێكە هێزێكی ئەمریكی لەناوچەی باشووری كەركوك لەبنكەی سەربازی كەی وەن جێگیربوون، كە ئەوەش كاردانەوەی جۆراوجۆری دروستكردووە.

هـ ـ ح