نوسینگەی جێبەجێکردنی ماددەی 140 لە موسڵ و کەرکوک ده‌کرێنەوە

عیراق

08/01/2019‌ 979 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بڕیارە ئەمساڵ نوسینگەکانی ماددەی 140ی دەستوری عێراق لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بکرێنەوە و پەرلەمانتارێکیش رایگه‌یاند، لە ناوچەکانی دیکەی عێراق قەرەبوی ماددەی 140 بەردەوام بووە و تەنیا کەرکوک و مووسڵ نووسینگەیان داخرابوو و خەریکی کردنەوەیانن.

شیروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی ھەرێم و پارێزگان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگه‌یاند، "بە فەرمی نووسراومان کردووە بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بە ڕەزامەندیی سەرۆکی پەرلەمان، بۆ کردنەوەی نووسینگەکانی ماددەی ١٤٠ی دەستووری ھەمیشەییی عێراق لە ناوچەکانی مووسڵ و کەرکووک، تا ئەو ھاووڵاتیانەی ماددەکە دەیانگرێتەوە سوودمەند بن لە قەرەبووی حکوومەتی عێراق، چونکە ساڵانی ڕابردوو قەرەبووی ماددەی 140 لە ناوچەکانی دیکەی عێراق بەردەوام بووە و تەنیا نووسینگەکانی کەرکووک و نەینەوا داخرابوون".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئێستا ژمارەی ئەو ھاوڵاتیانەی لە سنووری ھەردوو پارێزگای نەینەوا و کەرکووک زەرەرمەند بوونە، دیار نییە، بەڵام لە دیالە سێ ھەزار و 500 خێزان ماون".

ئەندامەکەی لیژنەی ھەرێم و پارێزگاکان به‌ ماڵپه‌ری پارتی وتووه‌، "ماددەی 140 ھەموو عێراق دەگرێتەوە، بەداخەوە غەدرێکی زۆر لە ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی نەینەوا و کەرکووک کراوە، لەبەر ئەوەی قەرەبووی ماددەی 140 لە ھەموو عێراق بەردەوام بووە و تەنیا لەو سنوورانەی له‌ موسڵ و كه‌ركوك نه‌بووه‌".

رونیشیكرده‌وه‌، "له‌مساڵدا نووسینگەکان دەکرێنەوە و ھەر خەڵکێک لە سەردەمی ڕژێمی پێشوو تا کاتی لەناوچوونی ڕژێمی بەعس زیانی پێ گەیشتبێت ئەوە بە پێی یاسا و دەستوور مافی قەرەبووکردنەوەی ھەیە، بە تایبەتی ھەندی ناوچە ھەن لەگەڵ قەرەبووکردنەوە، ڕەوشەکەیان ئاسایی دەکرێتەوە بۆ دیاریکردنی چارەنووسیان".

ه.م