خراپی دۆخی ئەمنی كەركوك فەرماندەی هێزەكانی دژە تیرۆری عێراق دەگەنێتە شارەكە

عیراق

10/01/2019‌ 4526 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فەریق روكن عەبدولوەهاب ساعدی، فەرماندەی هێزەكانی دژە تیرۆری عێراق، گەیشتە شاری كەركوك، ئەوەش دوای ئاڵۆزبوونی دۆخی شارەكە.

فەریق روكن عەبدولوەهاب ساعدی، بەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە گەیشتە كەركوك كەركوك ، كە سەردانەكەی چاوەڕواننەكراو بوو، كە بە فڕۆكەیەكی سەربازی چووەتە شارەكە.

لەسردانەكە لەكاتێكدایە، دۆخی پارێزگای كەركوك بەرەو ئاڵۆزی دەڕوات، ئەوەش بەهۆی "بڕیاری تاكلایەنەی یەكێتی" بۆ هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەسەر بارەگا حیزبیەكانی لەشارەكە و "هاندانی شیعەكانی عێراق لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە".

سەرچاوەیەكی باڵای بەرپرس لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەكەركوك لەلێدوانێكی تایبەتدا بە شارپرێس-ی راگەیاند، "ئێستا دوخی كەركوك بەرە و ئاڵۆزی دەڕوات، ئەوەش بەهۆی ئەوەی تاكلایەنانە یەكێتی نیشتمانی بەبریارێك ئاڵای كوردستانی لەسەر بنكەو بارەگا حیزبییەكانی بەرزكردەوە".

سەرچاوەكە  ئاماژەی بەوەشكرد، گرفتەكە ئەوەیە، كە "پارتی دیموكراتی كوردستان لە رێگەی هەندێك بەرپرسی بەغداوە هانی لایەنە شیعییەكان دەدات بۆ ئەوەی ئەوە قبوڵ نەكەن كە بە بریاری یەكێتی ئاڵای كوردستان لە كەركوك بەرزبكرێتەوە".

شەوی سێشەممە 8-1-2019 ئاڵای كوردستان لەسەر بارەگا حیزبییەكانی یەكێتی لە شاری كەركوك هەڵكرا، ئەوەش ناڕەزایی توندی لایەنە شیعی و سونییەكانی لێكەوتەوە، هاوكات پارێزگاری شارەكەش راگەیەندراوێكی هەڕەشە ئامێزی لەوبارەیەوە بڵاوكردەوە.

بەپێی وتەی هەندێك لەچاودێران بڕیاری هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەلایەن یەكێتی نیشتیمانی كوردستانەوە "وەك نیشاندانی كارتێكی حیزبییە و یەكێتی دەیەوێت بەكاریبهێنێت لەبەرانبەر ئەو دۆخەی لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 ەوە دروستبووە و تاوەكو ئێستاش بەردەوامی هەیە".

هەندێك لە دانیشتوانی كەركوك ئاماژە بەوەدەكەن، كە ئێستا ئامادەكاری باش هەیە بۆ ئەوەی ئەگەر عێراق فشار بكات بۆ داگرتنی ئاڵای كوردستان، ئەوا خۆپیشاندان لەناو شار ئەنجامدەدرێت، بۆیە "ئەگەری لێكەوتنەوەی توندوتیژی لەئارادایە".

سەرچاوەكەی شارپرێس، كە لەبەر هەستیاری بابەتەكە پێی باش نەبوو ناوی بووترێت وتیشی، "كاری پارتی ئێستا هاندانی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراقە بۆ ئەوەی ئەوە قبوڵ نەكات‌و لەرێگەی نوێنەرەكانی پاتییەوە پێیان راگەیاندوە، ئەوەی لە كەركوك روودەدات ئیحراجی بۆ پارتی دروست كردوەو ئێمە قبوڵی ناكەین حكومەتی عێراق بەرامبەر بەم كارەی یەكێتی بێدەنگ بێت".

زانیاریەكانی شارپرێس ئاماژە بەوەدەكەن، كە ئەگەر یەكێتی و لایەنە عێراقییەكان لەسەر پرسی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان نەگەنە رێككەوتن ئەوا "ئەگەری ئەوە هەیە بەغدا هێزی زیاتر رەوانەی شاری كەركوك بكات".

هاوكات هێزەكانی ئەمەریكا و چەند لایەنێكی دیكەی پارێزگاكە لەهەوڵی ئەوەدان رەوشەكە ئارامبكرێتەوە و كار نەگاتە ئەوەی هێز لە دژی یەكتر بەكاربهێنن.

رۆژی چوارشەممەش راكان جبوری، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت لەراگەیەندراوێكدا هەڵكردنی ئاڵای كوردستانی لەلایەن یەكێتی-یەوە لەسەر بارەگای حیزبەكەی لە كەركوك بە موزایەدەی سیاسی ناوبرد و داوای ناردنی هێزی زیاتر لە بەغداوە بۆ شارەكە كرد. 

جبوری داوای لەبەرپرسانی یەكێتی كرد، ئاڵای كوردستان لەسەر بارەگای حیزبەكەیان لە كەركووك داگرنە خوارەوە بۆ پاراستنی ئاسایش و رایگەیاند، "ئەوەی روویداوە و خوانەخواستە روودەدات لە ئەستۆی ئەوانە".

هـ ـ ح