ئەمریكا دەستبەرداری دۆستەكانی دەبێت؟
پارتی سەردانەكەی مایك پۆمپیۆ بەگرنگ دەزانێت

sharpress.net

1819 جار خوێندراوه‌ته‌وه

10/01/2019‌

شارپرێس:
بەقسەی سەركردەیەكی پارتی دیموكرات، ئەمریكا دەستبەرداری دۆستەكانی نابێت‌و هەر ئەوەش ئامانجی سەردانەكەی مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بووە بۆ هەرێمی كوردستان.

مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕۆژی چوارشەممە ٩ی ١ی ٢٠١٩ سەردانی هەرێمی كوردستانی كردو لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی‌و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم‌و مەسرور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایش كۆبووەوە.

بەپێی راگەیەنراوی كۆبوونەوەكان لە میانەی كۆبوونەوەكەیشیاندا بارودۆخی سیاسی عێراق و ناوچەكە، هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و شەڕی دژی تیرۆر تاوتوێكران، كە هەردوولا هاوڕا بوون كە لە عێراقدا دەرفەتێكی نوێ بۆ چارەكردنی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەئارادایە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكایش جەختی لەوە كردەوە، كە وڵاتەكەی وەك هاوبەشی هەرێم و بەغدا دەمێنێتەوە.

هۆشیار سیوەلی ئەندامی سەركردایەتی‌و بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی، پێیوایە سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ چەند وڵاتێكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەشێكە لە بەرنامەیەكی فراوانی ئەو وڵاتە، بە تایبەت بۆ ئەو وڵاتانەی بە شێوەیەكی راستەوخۆ بەشدارن لەشەڕی دژ بە تیرۆر، لە هەمان كاتیشدا كە بە دۆست و هاوپەیمانی ئەمەریكایش هەژمار دەكرێن.

هۆشیار سیوەیلی، بۆ پێگەی فەرمی حیزبەكەی سەبارەت بە سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ هەرێم، بەدڵنیاییدانی ئەو وڵاتە بە دۆستەكانی ناو دەبات، ئەویش بەو پێیەی بڕیارەكەی ترامپ سەبارەت بە كشانەوەی هێزەكانیان لە رۆژئاوای كوردستان، جۆرێك لە نائومێدی لای دۆستەكانی بەرانبەر بەو وڵاتە دروست بوو، وتیشی: "ئەمەریكا دەیەوێت بڵێت، كە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەمێنێتەوە، هاوكات دەستبەرداری دۆستەكانیشی نابێت، بە تایبەت ئەوانەی لە جەنگی دژ بە تیرۆردا بەشدار بوون".

گرنگی سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ هەرێمی كوردستان، بە بۆچوونی سیوەیلی لەوەدایە، چەندین خوێندنەوە و قسەی هەڵە لەبارەی لاوازیی پێگەی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەكرا، ئەوەش لە لایەن ئەمەریكاوە جەختكردنەوەیە بە پابەندبوون بە هاوپەیمانییەتی و دۆستایەتی لەگەڵ هەرێمی كوردستان، هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، كە بارزانی لە هەر پێگەیەكدا بێت، پێگەیەكی تایبەتی هەیە و وەك مەرجەعێك لە عێراق و هەرێم حیسابی بۆ دەكرێت.

پێیشیوایە، هەڵوێستی ئەمەریكای بەرانبەر كورد دووپاتكردەوە، كە ئەو وڵاتە دۆستە و بە هەموو شێوەیەك هاوكاری هەرێم لە چوارچێوەی عێراقدا دەكات، ئەویش لە ژێر رۆشنایی دەستووری عێراقدا، لە كاتێكیشدا هەمیشە كورد داوای جێبەجێكردنی دەستووری كردووە.

سیوەیلی، تیشك دەخاتە سەر ئەوەش، كە ئەمەریكا بە كردنەوەی كۆنسووڵخانەكەی لە هەولێر، ئاماژەیەكی روونیدا، كە ئەو وڵاتە دەیەوێت لێرە بمێنێتەوە و پەرە بە پەیوەندییەكانیشی لەگەڵ هەرێم بدات، بە بێ جیاوازی كۆمارییەكان یا دیموكراتەكان، لە داهاتوویشدا پەیوەندییەكان بەرەو پێشتریش دەچن.

هـ ـ ح






ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved