كوردو ئەمریكا لەهەفتەیەكدا

کوردستان

10/01/2019‌ 2687 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
زیاتر لە هەفتەیەك تێپەڕیوە بەسەر ساڵی ٢٠١٩دا، بەڵام لەم هەفتەیەدا ئاڵوگۆڕێكی سیاسی و سەربازیی ئەوتۆ روویانداوە كە ئاسان نیە دەرەنجامی رووداوەكان شی بكرێتەوە. لەناو هەموو گۆڕانكارییەكاندا كورد شوێنێكی گرنگ  وبەرچاوی هەیە.

لەم هەفتەیەدا هیچ رۆژێك تێنەپەڕیوە هەواڵ و لێدوانی بەرپرسانی ئەمریكا و ئەوروپا لەلایەك و  توركیا و ئێران و عێراق لەلایەكی تر لەسەر كورد لە عێراق و سوریا بڵاو نەكرابێتەوە. پوختەی گۆڕانكارییەكان ئەوەن كە توركیا و ئەردۆغان دەخوازن بەزوویی هەڵبكوتنە سەر رۆژئاوای كوردستان لە بەری رۆژهەڵاتی فورات. بەڵام بە تایبەت ئەمریكا و فەرەنسا نایانەوێ ئەو خواستەی توركیا بە ئاسانی جێبەجێ بكرێ.

لە رۆژەكانی كۆتایی ساڵی ٢٠١٨ دا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند: هێزەكانیان لە سوریا دەكشێننەوە، ئەمەش وەكو بەخشینی سینییەكی پڕ لە زێڕ بوو بە توركیا و ئەردۆغان. بۆیە توركیا یەكەم وڵات بوو پیشوازی لەو بڕیارەی ترەمپ كرد دوای ئەو روسیا.

بەڵام كاردانەوەكانی دوای ئەو بڕیارەی ترەمپ لە دەرەوە و ناوخۆی ئەمریكا بە دڵی ترەمپ و توركیا نەبوون. هەرزوو دەنگە ناڕازییەكان بەرزبوونەوە سەبارەت بە كشانەوەی سەربازانی ئەمریكا لە رۆژئاوای كوردستان و بە زیانی ئەمریكا و كورد و بە قازانجی ئێران و روسیا و بەشار ئەسەد لێكدرایەوە.

سەردانەكەی جۆن بۆڵتۆن راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا بۆ توركیا لە رۆژی سێشەممە كە تێیدا ئەردۆغان رەتیكردەوە چاوی پێی بكەوێ، نیشانەی گەورەی رووداو و گۆڕانكاریی خێران لە پەیوەندی نێوان توركیا و ئەمریكا سەبارەت بە پرسی كورد.

بەر لەوەی بچێتە ئەنقەرە، بۆڵتۆن رایگەیاندبوو، ئەگەر ئەمریكا لە باكووری سوریا سەربازانی بكێشێتەوە، ئەوا مەرجی پاراستنی كوردەكان دەخەینە ئەستۆی توركیا كە بە نیازە هێرش بكاتە سەر رۆژهەڵاتی فورات. بەڵام ئەردۆغان لەو كاتەی بۆڵتۆن لە ئەنقەرەبوو لە لێدوانێكدا رەخنەی لە بۆڵتۆن گرت و وتی " هەڵەی گەورەی كردووە كە داوای گرەنتی لە ئێمە دەكات"

راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا بێ ئەوەی چاوی بە ئەردۆغان بكەوێ یان كۆنگرەی رۆژنامەوانیی ببەستێ، ئەنقەرەی بە جێهیشت و لەو سەردانە كورتخایەنەیدا تەنیا چاوی بە وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری ئەمریكا كەوت.

ئەمەش نیشانی دەدا پرسی كورد بووەتە گرێكوێرەی نێوان توركیا و ئەمریكا كە بەرژەوەندی هاوبەشی گەورەیان پێكەوە هەیەو ئەزموونی رۆژئاوای كوردستان لای ئەمریكییەكان جێی بایەخە و بە ئاسانی پشتی بەرنادەن.

بەدەر لە دۆسێی كورد و ئەمریكا و توركیا لە رۆژئاوای كوردستان، لە هەرێمی كوردستانیش جموجوڵ و گۆڕانكاری خێرا بەرچاو دەكەون. رۆژی چوارشەممە مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە بەغداوە گەیشتە هەولێر و لەگەڵ مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی كۆبووەوە. بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی كورد و ئەمریكا، لە كۆبوونەوەكانی پۆمپۆدا باسی كشانەوەی سەربازانی ئەمریكا لە سوریا و پەیوەندی نێوان ئەمریكا و هەرێمی كوردستان كراوە.

چەند سەعاتێك دوای سەردانەكەی پۆمپۆ بۆ هەولێر، لە شاری كەركوك ی.ن.ك ئاڵای كوردستانی لەسەر بارەگاكانی هەڵكرد كە هەرزوو ئەو رووداوە كاردانەوەی هێزە عێراقییەكان و خودی عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیرانی لێكەوتەوە.

رۆژێكیش پێش ئەم رووداوانە، بەرپرسێكی پێشمەرگە ئاشكرای كرد ئەمریكییەكان هێزێك دەنێرنە كەركوك كە بۆ هەمیشە لەوێ دەمێننەوە.

لەم میانەدا روسیا كە بەشیكی گرنگی ئاڵوگۆڕەكانی ناوچەكەی بەر دەكەوێ، خۆشحاڵە بەكشانەوەی سەربازانی ئەمریكا لە سوریا. مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو لەڕێی وتەبێژەكەیانەوە رایگەیاند ئەمریكا دەیەوێ لە سوریا دەوڵەتێك بۆ كورد دروست بكات.

لە لێدوانێكدا ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا وتی:"بارودۆخی رۆژهەڵاتی فورات نیگەرانی دروستكردووە كە رۆژ لە دوای رۆژ ئەو نیگەرانیانە زیاتر دەبێ. ئەوەی راستیبێ ئەمریكییەكان بەپشتبەستن بە هاوپەیمانە كوردەكانیان، خەریكن ناوچەكە كۆنترۆڵ دەكەن و ئیدارەیەك بۆ كورد دادەمەزرێنن."

هەرچەندە لەم هەفتەیەدا بەرپرسانی روسیا لێدوانی راستەوخۆیان نەداوە، بەڵام ئەم پەیامەی وەزارەتی دەرەوەیان نیشانی دەدا كە لەگەڵ ئێران و توركیا و سوریا هاوكۆكە كە رێگری بكەن لە دروستبوونی ئیدارەیەكی كوردی لە رۆژئاوای كوردستان.