ململانێ‌ سیاسییەكان رێگرن لەبەردەم تەواوكردنی پێكهاتەی كابینەكەی عەبدولمەهدی

عیراق

10/01/2019‌ 621 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق ناوی كاندیدی وەزارەتەكانی ناوخۆو بەرگری‌و دادی پێشكەش بەئەنجوومەنی نوێنەران كرد، بۆ ئەوەی دەنگ لەسەر ئەو كاندیدانە بدرێت.

هەرچەندە عادل عەبدولمەهدی ناوی كاندیدی وەزارەتەكانی ناوخۆو بەرگری‌و دادی پێشكەش بەئەنجوومەنی نوێنەران كردووە، بەڵام هیچ وادەیەك دیارنییە بۆ ئەوەی دەنگ لەسەر ئەو كاندیدانە بدرێت.

بەپێی نووسراوێك، كە واژووی عادل عەبدلولمەهدی لەسەرەو رۆژی 7ی ئەم مانگە ئاراستەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی كردووە، حاكم ڕزگار ئەمین، وەك كاندیدی وەزیری داد، كە ئەو پۆستە پشكی كوردە ئاراستەی پەرلەمان كراوە بۆ متمانە بەخشین بەناوبراو.

هەر بەپێی نووسراوەكە، فالیح فەیاز وەك كاندیدی وەزیری ناوخۆ، كە پشكی شیعەكانەو سەلیم جبوری وەك كاندیدی وەزیری بەرگری ، كە پشكی سوننەكانە، دەستنیشانكراون‌و بۆ ئەوەی پەرلەمان دەنگیان لەسەر بدەن.

نووسراوەكە لەكاتێكدایە، لەمانگی 10 رابردووەوە عادل عەبدولمەهدی پۆستی سەرۆك وەزیرانی وەرگرتووە، بەڵام بەهۆی ململانێی لایەنەكان لەسەر پۆستی چەند وەزارەتێك، تائێستا بە بەتاڵی ماونەتەوە.

ئەمڕۆ پێنج شەممەش پەرلەمانی عێراق كۆدەبێتەوەو لەكارنامەی كۆبوونەوەكە دەنگدان لەسەر ئەو كاندیدانە نییە، چونكە لەلایەنەكان لەململانێكانیان بەردەوامن‌و ئەو ململانێیانەش رێگرن لەتەواوكردنی پێكهاتەكەی كابینەی عەبدولمەعدی.

هـ ـ ح