ئاسۆ مامه‌ند: ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر باره‌گاكانی مه‌ڵبه‌ند و مه‌كته‌بی سیاسی له‌ كه‌ركوك دانه‌گیراوه‌

عیراق

11/01/2019‌ 1108 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی له‌ كه‌ركوك و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی ئه‌و حزبه‌ رایگه‌یاند، تا ئێستا ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر باره‌گاكانی مه‌ڵبه‌ند و مه‌كته‌بی سیاسی ده‌شه‌كێته‌وه‌ و دایان نه‌گرتووه‌.

ئاسۆ مامه‌ند، به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی له‌ كه‌ركوك و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی ئه‌و حزبه‌ به‌ شارپرێس-ی راگه‌یاند، "هیچ ئاڵایه‌كی كوردستان له‌سه‌ر باره‌گاكانی یه‌كێتی له‌ كه‌ركوك دانه‌گیراوه‌، پێشتر بڕیارماندابوو ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر بینای مه‌ڵبه‌ند و مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ڵبكرێت و تا ئێستاش ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر ئه‌و دوو باره‌گایه‌ ده‌شه‌كێته‌وه‌".

ئه‌و وتانه‌ی ئاسۆ مامه‌ند له‌كاتێكدایه‌، به‌پێی زانیاریه‌كانی شارپرێس ئه‌مڕۆ هه‌ینی ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر كۆمیته‌كان داگیراون.

مامه‌ند ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "ئه‌گه‌ر كۆمیته‌یه‌ك ئاڵای كوردستانی هه‌ڵكردبێت و دواتر دایگرتبێت ئه‌وه‌ شتێكی دیكه‌ چونكه‌ ئێمه‌ سه‌ره‌تا به‌ به‌رپرسی مه‌ڵبه‌نده‌كانمان وت ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر مه‌ڵبه‌نده‌كان هه‌ڵنه‌كه‌ن نه‌وه‌ك له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی دیكه‌ی شاره‌كه‌ به‌ریه‌ككه‌وتن دروستببێت".

له‌باره‌ی گفتوگۆكانیان له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌باره‌ی هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان وتی، "ئه‌و پرسه‌ دراوه‌ته‌ ده‌ستی دادگای فیدڕاڵی و له‌وێ پرسه‌كه‌ یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه‌".

شه‌وی سێشه‌ممه‌ 8-1-2019 ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر باره‌گا حزبییه‌كانی یه‌كێتی له‌ شاری كه‌ركوك هه‌ڵكرا، ئه‌وه‌ش ناڕه‌زایی توندی لایه‌نه‌ شیعی و سونییه‌كانی لێكه‌وته‌وه‌، هاوكات پارێزگاری شاره‌كه‌ش راگه‌یه‌ندراوێكی هه‌ڕه‌شه‌ ئامێزی له‌وباره‌یه‌وه‌ بڵاوكرده‌وه‌.

رۆژی چوارشه‌ممه‌ش راكان جبوری، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستانی له‌لایه‌ن یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانه‌وه‌ لەسەر بارەگای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکوک بە موزایەدەی سیاسی ناوبرد و داوای ناردنی هێزی زیاتر لە بەغداوە بۆ شارەکە كرد. 

جبوری داوای لە بەرپرسانی یەکێتی كرد، ئاڵای کوردستان لەسەر بارەگای حیزبەکەیان لە کەرکووک داگرنە خوارەوە بۆ پاراستنی ئاسایش و رایگه‌یاند، "ئەوەی روویداوە و خوانەخواستە روودەدات لە ئەستۆی ئەوانە".

ه.م