بەغدا داوای لیستی موچەی فەرمانبەران‌و پێشمەرگەی هەرێم دەكات

عیراق

12/01/2019‌ 3795 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
حكومەتی عێراق داوای لیستی موچەی  فەرمانبەر و پێشمەرگەی هەرێمی كوردستانی كردووەو بۆ ئەوەش داوا دەكرێت شاندێكی هەولێر بچێتە بەغدا.

ئەحمەد سەفار،  ئەندامی لیژنەی دارایی لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: "ئێمە وەك لیژنەی دارایی، بەردەوامین لە گفتوگۆكان لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە و رۆژانە لەبەیانییەوە تا ئێوارە گفتوگۆی لەسەر دەكەین و وەزارەتەكان بانگھێشت دەكەین، بۆیە رەنگە تا ١٠ رۆژی دیكە بتوانین بودجە ئامادە بكەین بۆ پەسەندكردن".

ئەحمەد سەفار، بۆ میدیای فەرمی پارتی دیموكرات دەشڵێت: "لەپڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقدا بۆ ئەمساڵ، بەندێك زیاد كراوە، ئەگەر حكومەتی ھەرێمی كوردستانیش پابەند نەبێت بەوەی رۆژانە ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت رادەستی حكومەتی عێراق بكات، یاخود حكومەتی عێراق پابەندی رێككەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا نەبێت، رێككەوتنەكە ھەڵدەوەشێتەوە، بەڵام موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە رەوانە دەكات، وەلێ تا ئێستا بڕەكەی دیاری نەكراوە".

سەفار هەروەها دەڵێت:  پێویستە شاندێكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات، چونكە داوای لیستی موچەی  فەرمانبەر و پێشمەرگەی كوردستان كراوە، بۆیە پێویستە شاندی ھەرێم بێتە بەغدا و لیستی موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگەیش بۆ بەغدا رەوانە بكرێت.

ماوەیەكە گفتوگۆ لەنێوان هەولێرو بەغدا هەیە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەو گرفتانەی لەنێوان هەرێم‌و عێراق لەسەر بودجەو فرۆشتنی نەوت هەیەو گفتوگۆكانیش بەردەوامی هەیە.

هـ ـ ح