سەرۆك كۆمار دەستوەردانی كردووە
ئەگەری گواستنەوەی ململانێی لایەنە شیعییەكان بۆ شەقام هەیە

عیراق

12/01/2019‌ 1689 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەگەری گواستنەوەی ململانێی لایەنە شیعییەكان بۆ شەقام هەیە، كە بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق دەستوەردانی كردووە.

چەند رۆژێكە شەرێكی راگەیاندنی چڕ لەنێوان چەند لایەنێكی شیعی عێراقی بەتایبەتی هەردوو لایەتی رەوتی حیكمەو عەسائیبی ئەهلی حەق دەستیپێكردووەو بەردەوامی هەیە.

بەپێی سەرچاوە عێراقییەكان، رۆژ بەرۆژ ئەو شەڕە راگەیاندنە چڕ دەبێتەوەو ئەو چڕبوونەوەیەش بەهۆكارێك دەزانرێت بۆ ئەوەی شەڕی نێوان ئەو دوو لایەنەو لایەنەكانی تری شیعە بۆ شەقام بگوازرێتەوە.

هاوكات بەپێی راگەیەنراوێك، رۆژی ١١ ی ئەم مانگە لەكۆبوونەوەی نێوان هادی عامری‌و هومام حەمودی و ئەبو مەهدی موهەندیس و شێخ سامی سعودی ‌و ئەحمەد ئەسەدی‌و ئەبو جیهاد هاشمی لەئۆفیسی قەیس خەزعەلی باسی ئەو پرسە كراوە.

هەر بەپێی راگەیەنراوە، لەكۆبوونەوەی ئەو سەركردانەی شیعە، باس لەوەش كراوە حەشدی شەعبی بەئامانج كراوەو كەسایەتییەكانی ناشرین دەركرێت لەرێگەی هەندیك كەناڵی ئاسمانی‌و ئەو لایەنانەی سوپایەك لەپەیجی ئەلەكترۆنی-یان هەیە.

لەراگەیەنراوەكە ئەوەش هاتووە، كە لەكۆبوونەوەكە داوا كراوە ئەو لایەنانە سیاسەتی دژایەتی خۆیان راگرن تا پشێوی دروست نەبێت باری ئاسایش تێكنەچێت‌و رێگە بدرێت بەسەرۆك كۆمار لێكۆلینەوە لەو پەلاماردانانە بكات‌و رێگەو شوێنی گونجاو بگرێتە بەر.

هەروەها داوایانكردوە خۆپیشاندان دوابخرێت تا ئەوكاتەی بەكردەوە ئەو سیاسەتە دەوەستێنرێت و  پەلاماردانی حەشدی شەعبی كۆتایی پێدەهێنرێت، هاوكات یەكێك لەسەركردەكانی شیعە رایگەیاندووە، دوای دەستوەردانی سەرۆك كۆمار دۆخەكە بەرەو چارەسەرو ئاسایی بوونەوە دەچێت.

هـ ـ ح