بەڵگەیی.. توركیا بەپاسی گەورە جیهادییەكانی گواستووەتەوە بۆ سوریا

کوردستان

13/01/2019‌ 2941 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس/ وەرگێران: لوقمان حاجی قادر
بە گوێرەی ئەو بەڵگەنامە نهێینیانەی پێگەی ئەلەكترۆنی "نۆردیك مۆنیتەر" بڵاویكردووەتەوە، دەزگای ڕازگری توركیا بەمەبەستی دروستكردنی كاریگەری لەسەر  ململانێكانی ناو سوریاو بەنهێنی جیهادییەكانی لەسنووری وڵاتەكەیەوە رەوانەی سوریا كردووە.

بەپێی بەڵگەكان، ئەو پرۆسە نهێنییە، كە كتومت‌ 4 ساڵ پێش ئێستا ئەنجامدراوە، بەو هۆیەوە ئاشكرابووە چەند یەكەیەكی پۆلیسی ناوخۆی بانگهێشتی لێكۆڵینەوە كراون بۆ گەڕان و پشكنین و سۆراغكردنی دوو پاسی گەورە، كە بۆ گواستنەوەی جیهادییەكانی بۆ ناو خاكی سوریا بەكارهاتوون.

بەڵگەنامە نهێنییەكان، كە لە دوو پەڕ پێكهاتووەو لەلایەن "هاككی موسا"ی‌ جێگری سەرۆكی دەزگای ڕازگری توركیاوە واژوو كراوە، كە ئێستا باڵوێزی توركیایە لە فەەنسا، بە دەق دەڵێت: زانیارییەكانی سەبارەت بە جیهادییە گوازراوەكان لەدۆسیەی ژمارە 2015/513 نهێنی دەوڵەتە و ناكرێت بڵاوبكرێنەوە.

هەر بەپێی بەڵگەكان، لە شەوی 9 ی كانونی دووەمی 2014  ئەو جیهادییانە بەپاسی گەورە لە لایەن دەستەی ڕازگری نیشتمانی توركیاوە گوازراونەوە بۆ سەر سنوور بۆ شاروچكەی "ئەكجاكلی" لەناوچەی شانلی ئۆڕفا، ئەوان بازگەكانیان بێهیچ پشكنینێك و بە یارمەتی و هاوكاری پیاوانی ڕازگری توركیا، كە لە ئۆتۆمبیلێكی تایبەتدابوون تێپەڕاندووە، لە سەعات 5 ی بەرەبەیان چەكدار و چەك و تەقەمەنییەكانیان لەوێ دابەزاندووە و ئۆتۆمبیلە گوێزەرەوەكانیش گەڕاونەوە توركیا.

بۆ ڕۆژی دواتر هەواڵی ئەوە بەپۆلیس گەیشتووە، كە ئەو دوو پاسە گەورە لەسەر هێڵێكی تیژڕەووی دەرەوەی شاری ئینجرلیك لەناوچەی ئەدەنە لەشوێنێك وەستاون و بەوەش تۆمەتباركراون، كە ماددەی هۆشبەریان هەڵگرتووە، بۆیە پۆلیس بەسەریدادان و دوای پشكنینیان هیچ ماددەیەكی هۆشبەری تێدا نەدۆزینەوە، بەڵكو‌ 40 سندوقی چەك و تەقەمەنی چەكی جۆری "PKM" یان تێدا دۆزیونەوە.

دوو شوفێری پاسەكان (شاهین عوفین میز- ی تەمەن 37 ساڵ و ئەسعەد لوتفی ئەیر- ی تەمەن 48 ساڵ)،  لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیر كران، میهراك ساری تەمەن 48 ساڵیشیان دەستگیركرد، كە خاوەنی ئەو  كۆمپانیایەیە پاسەكانی لێ بەركێگیراون، لە كاتی لێكۆڵینەوە دۆسیەی ژماره ‌(2014/54) یان بۆ ئەم كەیسە كردەووە، خاوەنی كۆ‌مپانیاو دوو شوفێرەكەش گەواهی ئەوەیاندا دوو پاسەكە لەلایەن دەزگای ڕازگری توركیاوە بەكرێگیراون، ئەو ئۆتۆمبیلەی لە چوون و گەڕانەوەش بۆ سنوری سوریا یاوەریشی كردوون، سەرنشینەكانی لەپیاوانی ڕازگری توركیا بوون.

هەروەها دوو شوفێرەكە دانیان بەوەدانا، كە پێشتریش كاری لەو جۆرەیان بۆ دەزگای ڕازگری توركیا كردووە و چەكدار و چەك و تەقەمەنیان بۆ سەربازگەیەكی گروپە تیرۆرستییەكان گواستووەتەوە، كەئەوان وتیان: "ئێمە هەڵەمان نەكردووە و پاساوی ئەوەشیان هێنایەوە، كە ئەركی خۆیان بەرانبەر دەوڵەت ئەنجامداوە".

دوو شوفێرەكە چۆنییەتی ئەنجامدانی ئەو كارەیان لە لایەن دەزگای ڕازگری توركیاوە ڕوونكردەوە بەوەی دەزگای ناوبراو لەم كارەدا هەماهەنگكار بووە لەگواستنەوەی چەكدارەكان لە خاكی توركیاوە بۆ سوریا. 

بە گوێرەی قسەكانی گۆمانلێكراوانیش،  وەزارەتی بەرگری توركیا 72 چەكداری جیهادی لەناوچەیەكی سنوری نزیك گوندی "بوكولمیز"، كە بەرانبەر خێوەتگای (ئەتمە‌) ئاوارەكانی سەر سنووری سوریایە، گواستووەتەوە بۆ شارۆچكەی "ئەكجاكلی"  توركیا. 

دوای تێپەڕبوونی ئەو چەكدارە جیهادییانەش بە ناو خاكی توركیادا ، ئاودیوی سوریا كراون بۆ یارمەتیدانی گروپە جیهادییەكان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی گرێ سپی. 

داواكاری گشتی توركیا لێكۆڵینەوەی لەو دۆسیەیە‌ دژ بەخاوەنی كۆمپانیاكە و دوو شوفێرەكە دەستپێكرد، ویستی پیاوانی دەزگای ڕازگری توركیاش پەلكێشی بەردەم لێكۆڵینەوە بكات، بەڵام لەناكاو ناوی پیاوانی ئەو دەزگا ڕازگرییە لەدۆسییەكە سڕانەوەو داوكاری گشتی (مستەفا سەرلی)، كە ئەو دۆسیەی گرتەدەست، فرمانی كرد پشكنینی مەیدانی بۆ ئەو شوێنانە بكرێت، كە جیهادییەكانی لێدابەزیوون، بەڵام هەر زوو لەكاریان خست و نەیانهێشت لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكە تەواو بكات. 

دیارە، كە حكومەتەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا نەیوویستووە ناوبراو بەڵگەكانی ئەو دۆسیەیە كۆبكاتەوە و ئەوەش ئاشكرا بكات، كە چۆن دەزگای ڕازگری توركیا ئەو پرۆسەیەی بەنهێنی لە بەرژەوەندی چەكدارە جیهادییەكان ئەنجامداوە.

دواتر داواكاری گشتی "كومالی تولو" ئەو دۆسیەیەی گرتەدەست‌و بە خێرایی دەستی بە لێكۆڵینەوە كرد تێیدا، سەرباری ئەوەش، كە بەڵگەی تێوەگلانی دەزگای ڕازگری توركیا ڕوون‌و ئاشكرابوو، كەچی دۆسیەكەی بەهەند وەرنەگرت و دایخست. 

بە بڕیاری ژمارە"2014/28" ، "تولو" ئەو تۆمەتانەی ڕەتكردنەوە، ئەمەش ڕێگری لە دەزگای داواكاری گشتی كرد بەردەوام بێت لەسەر لێكۆڵینەوە لە دۆسییەكەدا‌.

سەرباری ئەوەی باسكرا، بەڵام گەواهیدانی دوو شوفێرەكە ئەو بەڵگانەی بە دیكۆمێنت كردن كە خەمخۆری و بە پەرۆشی حكومەتەكەی ئەردۆگان نیشان دەدەن لە پشتیوانیكردن و یارمەتیدانی هێزەكانی داعش و قاعیدە لە عێراق و سوریا.

سرلی توانی ئەو زانیاری و بەڵگانە لەسەر كاسێتی ڤیدیۆی تۆمار بكات، هەر بە گوێرەی ئەو زانیارییانە،  ئەو باڵەخانەی چەكدارە و چەك و تەقەمەنییەكانی بۆ گوازرانەوە، خاڵی دەرچوونی داعش و قاعیدە بوو بۆ هێرشەكانیان لەناو خاڵی سوریادا. 

یەكێك لە شۆفێرەكان وتی: پێش ئەوەی گەشتەكەمان دەست پێ بكات، پیاوێكی توركی كە وەرگێڕێكی زمانی عەرەبی لەگەڵدا بوو (واپێدەچێت كە سەر بە دەزگای ڕازگری توریا بووە) سەركەوتە ناو پاسەكە و بە سەرنشینەكانی گووت كە گەشتەكەمان دوور و درێژە و مەگەر زۆر نپێویست بێت دەنا لە هیچ شوێنێك ڕاناوەستین. 

وتیشی: "دەبێت پێش ڕۆژئاوابوون ئەم كارە تەواو بكەین".  دوو پاسەكە لە "ریحانلی" یەوە كاژێر 1 ی شەو بەڕێكەوتن و بۆ نزیكەی 6 ی بەرەبەیان گەیشتنە "ئەكجاكلی". ئەو دوو ناوچەیە لەسەر ڕێگەی خێرایی "ئەدەنە-غازی عەنتاب" وە 400 كیلۆمەتر لێك دوورن.

شۆفێرێكیان لە ڤیدیۆكەدا دەڵێت: "ئێمەیان بە یاوەری چەند كەسێك لە شوێنی شوفێری دانیشاند، هەموو ڕووناكییەكی ئۆتۆمبێلەكانیان پێ كوژاندینەوە، لەو تاریكە ئەنگوستەچاوەدا، چەند كەسێك هاتن و شوێنی داكردنی كەلوپەلەكانیان كردنەوە و هەموو چەك و جبەخانەكانیان لێ بەتاڵكرد، نەیانهێشت لە ئۆتۆمبێلەكانمان دابەزین كاتێك گەیشتینە "ئەكجاكلی". چەكدارێك چاودێری دەكردین و بە تەنیشتمانەوە بوو. ئینجا ئۆتۆمبێلێكی دیكە هات و لە پشت پاسەكەی من ڕاوەستا، دواتر باری ئۆتۆمبێلەكەی منیان داگرت و خستیانە ئۆتۆمبێلێكی دیكەوە. پاسەكە 46 چەكداری تێدا بوو، دواتریش زانیم كە 27 چەكداری دیكە لە پاسەكەی دیكەدابوون. ئەوان پیاوی ڕیشنی دیمەن قێزەوون بوون".

هەر وەك شوفێرەكان باسیان كرد، هەموو سەرنشینەكان بە ڕەچەڵەك عەرەب بوون، ووتیشیان كە چەكدارەكان كاتێك گەیشتنە لای پاسەكانمان هیچ شتێكیان پێ نەبوو. نەیانهێشت هیچ ڕووناكییەك هەڵكەین و تەنانەت نەیانهێشت جگەرەش بكێشین. پێشیان ووتین لەناو ئۆتۆمبێلەكانتان جگەرە بكێشن، ئینجا دەستمان كرد بە گواستنەوەیان بۆ ئەكجاكلی.

شوفێرێكیان وتی: لە دەروازەی یوسی سنورییەوە لە ئەكجاكلی چوونە ناو خاكی سوریا، كە چووینە ئەودیو ، تەنها 15 بۆ 20 مەتر دووركەوتینەوە و یەكسەر پیاوانی ڕازگری توركیا هاتن بۆ سەرپەرشتیكردنی بەتاڵكردنی بارەكانمان لە لایەن چەكدارەكانەوە. 20 كەسی مەدەنی هاتن بۆ بەتاڵكردنەوەی بارەكان و ئینجا گووتیان "ئەركەكەمان بە سەركەوتوویی تەواو كرد".

حكومەتەكەی ئەردۆغان هەموو وردەكارییەكی ئەو دۆسیەیەی شاردەوە، ڕێگەشی نەدا هیچ ڕووماڵیكی ڕۆژنامەوانی بۆ بكرێت،  نەشیهێشت میدیاكان چاوپێكەوتن لەگەڵ داواكارانی گشتی و دەزگا پۆلیسییەكان ئەنجام بدەن كە لێكۆڵینەوەیان لە دۆسییەكە كردبوو.

دواتر بۆ زانین و ئاشكراكردنی ئەو كەسانە‌ی كە لە 4 ی فبرایەری 2014 هەواڵەكیان بە پۆلیس گەیاندووە، دۆسییەكی لێكۆڵینەوەی تازەیان بە ژماری "117/2014" كردەووە ، داواكارێكی گشتی دیكە بەناوی "عەلی دۆغان"  نامەیەكی ئاراستەی دەزگای ڕازگری توركیا كردوو و تیایدا داوای لێكردوون ناسنامەی ئەو كەسە ئاشكرا بكەن كە ڕووداوەكەی ئاشكرا كردووە. لە ووڵامی نامەكەدا دەزگای هەواڵگری توركیا گوتوویەتی كە لێكۆڵینەوەیان لەوبارەوە كردووە، بەڵام نەیانتوانیووە ئەو كەسە دیاری بكەن كە زانیاری لە بارەی پاسەكانەوە داوە بە پۆلیس.