ئامانجی سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ هەرێمی كوردستان

کوردستان

13/01/2019‌ 1336 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لە میانی سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان، لەهەولێر چاوی بەمەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكرات دەكەوێت ‌و پاشان دەچێتە سلێمانی و بەشداری لەكۆنفڕانسێكی ئابووری دەكات.

عەبدوڵڵا ئاكرەیی بەرپرسی پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران، رایگەیاند، محەمەد جەواد زەریف رۆژی سێشەممە سەردانی هەولێر دەكات و لەگەڵ سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، مەسعود بارزانی كۆدەبێتەوە.

باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغدا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە ئەمڕۆ یەكشەممە، وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف سەردانی عێراق دەكات و سبەی دووشەممە، لەگەڵ هەریەك لە سەرۆكوەزیران، عادل عەبدولمەهد‌و سەرۆكی پەرلەمان، محەمەد حەلبوسی كۆدەبێتەوەو رۆژی سێشەممەش بەرەو هەولێر بەڕێدەكەوێت.

سەبارەت بەسەردانەكەی وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف بەرپرسی پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ راشیگەیاند "لە ئەجێندای بەرنامەی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا هەبوو، كە وەزیری دەرەوە سەردانی عێراق بكات و ئەم سەردانەش لە چوارچێوەی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و ئێرانە".

عەبدوڵڵا ئاكرەیی هەروەها رایگەیاند "لە چوارچێوەی ئەو بەرنامەیەدا، ئەوان ئاگاداری ئێمەیان كردووەتەوە، كە وەزیری دەرەوەی ئێران، سەردانی هەولێریش دەكات، بۆ ئەم مەبەستەش حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەكاری خۆی دەستپێكرد بۆ پێشوازیكردن".

هـ ـ ح