ئامادەكاری بۆ كۆبوونەوەی نهێنی نێوان نەتەنیاهۆ و بن سەلمان لەقاهیرە دەكرێت

جیهان

14/01/2019‌ 1637 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس/ وەرگێران: لوقمان حاجی قادر
بەپێی چەند سەرچاوەیەكی میسری، چەند چاوپێكەوتنێكی نهێنی ئاشكراكراوە، ئەوەش لەنێوان شاندی ئەمریكی‌و ئیسرائیلی و عەرەبی ‌لەقاهیرە بەڕێوە‌چوون، ئەمەش وەك ئامادەسازییەك بۆ ئەو چاوپێكەوتنە لوتكەییە چاوەڕوانكراوە، كە بنیامین ناتانیاهۆ – ی سەرۆكی حكومەتی ئیسرائیل و محەمەد بن سەلمان- ی جێنشینی سعودیە بەیەكەوە كۆدەكاتەوە. 

ئەو سەرچاوانە بۆ "خەلیج ئۆنلاین" ئەوەیان دووپاتكردەوە، كە " لە 25 ڕۆژی ڕابردوودا، زیاتر له سێ دیدار لە نێوان بەرپرسانی باڵای میسر و سعودیە و ئیسرائیل و ئەمریكا سازدراون، ئەمەش وەك هەوڵێك بۆ لێكتێگەیشتن و دانانی هێڵە گشتییەكانی هەنگاوی ئایندە كە ڕیاز بە نیازە بیهاوێژێت و یەكەم هەنگاویش دەبێت لە مێژووی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسڕائیلدا". 

سەرچاوەكان ئەوەشیان ڕاگەیاند، ئاراستەیەكی فەرمی لە لایەن بەرپرسە باڵاكانی سعودیە لە ئارادایە بۆ كردنەوەی دەروازی پەیوەندییەكی‌ سیاسی‌ ئاشكرای بەرفراوان لەگەڵ تەلئەبیبدا تا ئەو شوێنەی لە توانادایە، ئەو هەنگاوە هەمووان شۆك دەكات، ڕێخۆشكەریش دەبێت بۆ ووڵاتە عەرەبییەكانی دیكە كە گەرەكییانە لەسەر هەموو ئاستەكان پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسڕائیل بەرەو پێشەوە بەرن.

سەرچاوە میسرییەكان ئاماژە بەوەش دەدەن كە ڕێككەوتنێك لە نێوان سعودیە و میسر و ئیدارەی ئەمریكادا هەیە، واش چاوەڕوان دەكرێت ساڵی 2019 هەنگاوێگی گرنگ گەورەی مێژوویی بەخۆیەوە ببینێت لە مێژووی پەیوەندییەكانی دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسلامی لەگەڵ تەلئەبیبدا، سەرەتای ئەو پەیوەندییەش بە سازدانی چاوپێكەوتنێكی ئاشكرای سێلایەنە دەست پێدەكات لە نێوان دۆناڵد تڕەمپی سەرۆكی ئەمریكا و نەتانیاهۆ و جێنشینی سعودیەدا.

لوتكەكە گەرموگوڕ دەبێت
سەرچاوەكە ئەوەشی ڕوون كردەوە كە "قاهیرە میوانداری دیدارێكی چوارلایەنەی گرنگ دەكات بۆ تاوتوێكردنی دۆسیەی لوتكە سێلایەنییەكە، وە هەوڵدان بۆ ڕێككەوتن لەسەر سەرجەم ووردەكارییە بچوك و گەورەكانی سەرخستنی لوتكە چاوەڕوانكراوەكە، بۆ ئەم مەبەستەش ڕێنمایی میدیایی تایبەت بۆ میدیا گەورە و خاوەن پێگەكانی دەوڵەتانی عەرەبی دەرچووە لە پێناو ڕێخۆشكردن و ئامادەسازی ڕای گشتی شانشینی سعودیە بە تایبەتی و عەرەبیش بە گشتی بۆ ئەو هەنگاوەی سعودیە گەرەكیەتی لە ئایندەدا‌ بەرە و ئیسڕائیل بیهاوێژێت".

لەم ماوەیەی دوایشدا، ڕاپۆرتە ڕۆژئاواییەكان نزیكبوونەوەیەكی ئاشكرای نێوان شانشینی سعودیە و ئیسڕائیلیان زەقكردۆتەوە، ئەمەش بە ڕوونی لە جریوەی سەر تیوتەری میدیاكار و ڕۆژنامەنووسە نزیكەكان لە دیوانی شانشینی سعودیە دەردەكەوێت كە پشتیوانی گرێدانی پەیوەندییەكی "سرووشتی" ن لەگەڵ دەوڵەتی ئیسڕائیلدا، ئەمە جگە لە بوونی ڕاپۆرتی دیكە كە باس لەوە دەكەن شانشینی سعودیە فشاری خستۆتەسەر فەڵەستینییەكان بۆ ڕازیبوون بە "مامەڵەی سەدە" ی ئەمریكی بۆ واژۆكردنی ڕێككەوتننامەیەكی یەكلاییكەرەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كە مەبەست لێی چارەسەركردنی پرسی گەلی فەڵەستینە.

سەرچاوە میسرییەكان لە لێدوانەكانیاندا بۆ "خەلیج ئۆنلاین" بە ڕەهایی ئەوەیان ڕەتكردۆتەوە كە ئەو دیدار و چاوپێكەوتنانە كە وا بڕیارە لە قاهیرە بەڕێوەبچن، تاوتوێی چوونی نەتانیاهۆ بۆ ڕیاز بكەن هەر وەك چەند ڕۆژێك لەمەوپێش هەندێك لە ڕۆژنامە ئەمریكییەكان باسیان لێوە كردووە، وتیشیان ئەو هەنگاوە لە ئێستادا مەحاڵە، ئەوەشیان دووپاتكردەوە كە ئەو‌ چێشتەی ئێستا لە پایتەختی میسر ئامادە دەكرێت، ئامادەسازییەكە بۆ لوتكە گەرموگوڕە چاوەڕوانكراوەكە.  

پێشبینی ئەوەش دەكرێت بەلایەنی كەمەوە لوتكەی ناوبراوی نێوان نەتەنیاهۆ و بن سەلمان لە مانگی دوو یان مانگی سێی ئەمساڵ گرێبدرێت ئەگەر هەموو ئامادەسازییەكانی تەواو ببن، ئاماژەی بەوەشداوە كە تڕەمپ زۆر بە توندی فشاری خستۆتەسەر سعودیە و میسر بۆ سازادانی ئەو لوتكەیە كە لە واشنتۆن دەبەسترێت و واش چاوەڕواندەكرێت كاردانەوەی گەورە بەدویی خۆیدا بێنێت، شەپۆلێكی مشتوماڵكەری توڕەیی جەماوەریش بێنێتە ئاراوه، ئەمەش لە بەرژەوەندی نەتەنیاهۆ دەشكێتەوە كە لە مانگی‌ ئەپڕێڵدا دەچێتە ناو گەرمەی جەنگێكی هەڵبژاردنەوە.

وڵستریت جۆڕناڵ: ئایا نەتەنیاهۆ بەم زووانە دەچێتە ڕیاز؟
‌ڕۆژنامەی وڵستریت جۆرناڵ لە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو نووسیبووی كە: " هیچ سەیر نییە لەناكاو بنیامین نەتەنیاهۆ ببینین كە چۆتە سعودیە بۆ دیداری بن سەلمان"، دەشڵێت دیداریكی لەم جۆرە واتای گەورە و گرانی هەیە.

كارین ئیلیوت هاوس لە ووتارێكیدا لە هەمان ڕۆژنامەی سەرەوه نووسیوویەتی كە "بن سەلمان عاشقی سەركێشییە و دەشیەوێت لاپەڕەی تاوانەكەی خاشقچی داپۆشێ" كە لە ئۆكتۆبەری ڕابردوو لە كونسوڵخانەی سعودیە لە ئەستەمبوڵ تیرۆركرا.

پێدەچێت ئەو گەشتەی مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دەیكات بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پلان بۆداڕێژراو بێت، كۆتاییەكەشی ورژێنەر بێت و پاڵەوانەكەشی محەمەد بن سەلمانی جێنشینی سعودیە بێت.

جێی ئاماژەیە‌ كە جۆن بۆڵتۆن – ی ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا شەممەی ڕابردوو سەردانی ئیسڕائیلی كرد، لەولاشەوە پۆمپیۆ لە میانەی گەشتێكیدا بۆ 8 پایتەختی ووڵاتانی عەرەبی، ڕۆژی چوارشەممە سەردانی عەمانی پایتەختی ئوردون دەكات، وەزیری ناوبراو پێش ئەوەی لە سەرەتای هەفتەی ئایندە سەردانی ڕیاز بكات، لە قاهیرە ووتەیەك پێكەش دەكات.

لێدانەكە بەهێزە
سابت عامور – ی نووسەر و شڕۆڤەكاری سیاسی و شارەزا لە كاروباری عەرەبی بۆ "خەلیج ئۆنلاین" گووتی ئەو پرسە بەرئەنجامی زنجیرە دیدارێكی گرنگە كە لەو ماوەی دوایدا لە نێوان بەرپرسە سعودی و ئیسڕائیلییەكاندا ڕوویانداوە.

ناوبراو وتیشی: " ئەو پرسە لێدانێكی بێمانندە دژ بە موسوڵمانان؛ چونكە یەكێك لە شەرعییەتەكانی ڕژێمی سعودیە شەرعیەتە ئاینییەكەیەتی، چوونی سعودیەش بۆ لای قەوارەی زایۆنی واتای كۆتایی هاتنی هەموو شەرعیەتێكی ئاینییە. چونكە ئیسڕائیل ئەقسا - ی داگیركردووە و لە هەوڵی بنیاتنانی پەیكەرێكە‌ لەو‌ شوێنەدا.

درێژەیدایە: "ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیسڕائیل ناپاكییە بەرامبەر  پێغەمبەر و هەموو موسوڵمانان، خەنجەرێكی ژەهراویشە و بە خراپ بەسەر بنەماڵەی ئال سعود- دا دەشكێتەوە كە دەڵێن خزمەتكاری دوو حەرەمە پیرۆزەكەین"، ئەوەشی ڕوون كردەوە كە "سعودیە نە لە ڕووی سیاسی و نە ئابووری و نە سەربازیشەوە پێویستی بەوە نییە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسڕائیل ئاسایی بكاتەوە، ئەو هەنگاوە شەرعیەت بە ئیسڕائیل دەبەخشێت".

شڕۆڤەكارە سیاسییەكە درێژەی بە قسەكانیدا و گووتی: "سعودیە پێی وایە ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسڕائیل و گرێدانی پەیوەندی لەگەڵیدا سوودی پێدەگەیەنێت، بەڵام لێكەوتەكانی كارێكی لەو جۆرە مەترسیدار دەبن بۆ سەر هەموو ناوچەكە، هەر دیدارێكی نێوان نەتەنیاهۆ و بن سەلمانیش گلانێكی بێ وێنەیە بۆ سعودیە؛ چونكە بازدانە بەسەر مافە سیاسی و ئاینییەكانی فەڵەستینییەكان، دانپێدانانیشە بەو ڕێوشوینانەی ئیسڕائیل لە ئەقسا و لێواری رۆژئاوا گرتوونیەبەر، گرێدانی ئەو لوتكەیە واتای ئەوەیە كە سعودییە نەك هەر تەنها دەستی لە فەڵەستین شوشتووە، بەڵكو دەستی لە هەموو ئومەتی ئیسلامیش بەرداوە‌".

بن سەلمان لە ئەپڕیلی ڕابردوو ، لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ گۆڤاری "زە ئەتلانتیك" ی ئەمریكی ڕایگەیاند كە ئیسڕائیلییەكانی مافی خۆیانە بە ئاشتی لەسەر خاكی خۆیاندا بژین، ئەمەش ئاماژەیەكی ڕوون و ئاشكرا بوو كە ڕایەڵەكانی نێوان ڕیاز و تەلئەبیب ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە نزیك بوونەوەدان.

بۆ یەكەمجاریش لە مێژوودا سعودیە لە مارسی ڕابردوو بواری ئاسمانی خۆی بۆ گەشتێكی بازرگانی بۆ ئیسڕائیل كردەوە، بەرپرسێكی ئیسرائیلیش دەستخوشی لەم هەنگاوه كرد و بە مێژوویی وەسفی كرد‌.

ئەندامێكی حكومەتی ئیسڕائیلیش لە نۆڤەمبەری ڕابردوو پەیوەندییە نهینییەكانی سعودیە و تەلئەبیبی ئاشكرا كردن، ئەمەش دانپێدانێكی دەگمەنە لە بوونی پەیوەندی نهێنی كە زۆر لە مێژە دەنگۆی زۆری لەبارەوە بڵاوكراوەتەوە، بەڵام تاوەكو ئێستاش ڕیاز نكۆڵی لێ دەكات.