یەكێتی بۆ رێككەوتن چەند خاڵێك دەخاتە بەردەم پارتی

کوردستان

14/01/2019‌ 6164 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شاندی باڵای یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان كۆدەبنەوە، كە هەردوولا گفتوگۆ لەبارەی ھەر سێ دۆسییەی عێراق و ھەرێم و كەركوك دەكەن.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دراوە بەشارپرێس، یەكێتی بۆ كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ دوو شەممە لەگەڵ پارتی، پرۆژەیەكی ئامادەكردووە، كە پەیوەندی بەدۆسییەی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم‌و كەركوك‌و عێراق‌و سەرۆكایەتی هەرێم هەیە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، ناوەڕۆكی پرۆژەكە بەشێوەیەكە، كە یەكێتی داوای كردووە، پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم‌و دۆسییەی كەركوك‌و كێشەكانی عێراق بكەن بەیەك پاكێج‌و گفتوگۆی لەسەر بكەن.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە یەكێتی دەیەوێت لەگەڵ پێكهێنانی حكومەت، دۆسییەی پارێزگاری كەركوك‌و ئەو كێشانەی لەنێوان پارتی‌و ئەوان لەبەغدا لەسەر پۆستەكانی عێراق هەیە، یەكلابكەنەوە.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، كە یەكێتی نایەوێت لەپرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم، باسی یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێم بكرێت، كە پارتی كاندیدی بۆ ئەو پۆستە دەستنیشانكردووە.

هەروەها زانیارییەكان باس لەوە دەكەن، كە ئەو داواكارییەی یەكێتی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، كە كاتی خۆی‌و بەپێی رێككەوتنی نێوانیان پۆستی سەرۆكی هەرێم لەبەرانبەر پۆستی سەرۆك كۆمار بووە، بەڵام ئێستا ئەوە گۆڕانكاری بەسەر هاتووەو دەبێت بەپاكێجێكی جیاوازو لەرێگەی پەرلەمانی كوردستانەوە گفتوگۆی لەسەر بكرێت‌و لایەنەكان لەسەری رێكبكەون.

ئەمە لەكاتێكدایە، زیاتر لە 100 رۆژە هەڵبژاردن لەهەرێمی كوردستان كراوە، بەڵام دوای چەند كۆبوونەوەیەك لەنێوان بەرپرسانی پارتی‌و یەكێتی‌و لایەنەكانی تریش، تائێستا بەو ئەنجامە نەگەیشتوون بتوانن حكومەتی نوێ‌ پێكبهێنن، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ململانێ‌ لەنێوان لایەنەكان لەسەر ئەو پرسە هەیە.

هـ ـ ح