كۆبوونەوەكەی پارتی‌و یەكێتی دروستكردنی دوو لیژنەی لێكەوتەوە

کوردستان

14/01/2019‌ 1374 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەو كۆبوونەوەی شاندی باڵای پارتی‌و یەكێتی ئەنجامیاندا، دروستكردنی دوو لیژنەی لێكەوتەوە، ئەوەش بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوانیان.

شاندی باڵای پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی ئەمڕۆ دوو شەممە لەشاری هەولێر كۆبوونەوە، كە لەدوای كۆبوونەوەكە مەحمود محەمەدو سەعدی ئەحمەد پیرە، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان خستەڕوو.

مەحمود محەمەد لەمیانی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكان وتی: كۆبوونەوەكە كۆبوونەوەیەكی باش بووە، تێدا چەند بڕیارێكماندا، بڕیارەكانیش ئەوە بوون، كە دوو لیژنە پێكهێنراون، بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە گفتوگۆكان چارەسەر بكرێت.

مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی وتیشی: لیژنەیەكیان بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەیە لەنێوان پارتی‌و یەكێتی هەیەو لیژنەیەكی تریش گفتوگۆو رێككەوتن دەكەن بۆ پێكهێنانی حكومەت.

هەروەها وتی: لیژنەكان كارا دەكەینەوەو دەمانەوێت لەمەولا بەزوویی گفتوگۆكان بەئەنجام بگەن، بۆ ئەوەی حكومەتی داهاتوو بەزوویی پێكبهێنرێت، جەختی لەوەش كردەوە، خواردی هەردوو حیزب لەو پێناوە كاردەكات.

هاوكات سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتی لەكۆنگرە رۆژنامەوانییەكە باسی لەوە كرد، چەند كێشەیەك لەنێوان پارتی‌و یەكێتی هەیە، بەڵام كێشەكان نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی دابڕان دروست بێت، وەك ئەوەی لەمیدیاكان باس دەكرێت.

سەعدی ئەحمەد پیرە وتیشی: ئەوان دەیانەوێت بۆ چارەسەری كێشەكان‌و پێكهێنانی حكومەت‌و یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك، لەگەڵ پارتی رێككەوتنی سیاسی واژووبكەن، لەو پێناوەشدا گفتوگۆكان بەردەوامدەبێت.

وتەبێژی یەكێتی جەختی لەوەش كردەوە، كە دۆخی كەركوك دۆخێكی سەربازییە، چونكە ئەوەندەی هێزی حەشدی شەعبی‌و هێزەكانی تر لەكەركوك هەیە، نیو هێندە هێز لەپارێزگاكان نییە، بۆیە دەبێت بەهەماهەنگی پارتی‌و یەكێتی ئەو دۆخە ئاسایی بكرێتەوە.

پیرە ئەوەشی وت: كار بۆ ئەوە دەكەن، كە پارێزگارێكی نوێ‌ بۆ كەركوك دابنرێت، بۆ ئەوەی ئەو دەسەڵاتە سەربازییە كۆتایی پێبهێنرێت، هەروەها ئیدارەی شارەكە بخرێتەوە كارو دەست بەخزمەتگوزارییەكانیان بكەن.

هـ ـ ح