یەكێتی داواكارییەكەی بارزانی لەبارەی مەلا بەختیار رەتدەكاتەوە

کوردستان

14/01/2019‌ 21565 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەكێتی نیشتمانی ئەو داواكارییەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكرات رەتكردووەتەوە، كە بۆ گەڕانەوەی مەلا بەختیار بۆ كۆبوونەوەكانی نێوان شاندی هەردوو حیزب خستوویەتییە روو.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دەست شارپرێس كەوتووە، لەدواین كۆبوونەوەی نێوان مەسعود بارزانی‌و دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، باسی گەڕانەوەی مەلا بەختیار كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بۆ كۆبوونەوەكان كراوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان بارزانی داوای لەدەرباز كردووە، كە بەكۆسرەت رەسوڵ بڵێت، بۆ ئەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كار بۆ گێرانەوەی مەلا بەختیار، هەم بۆ كۆبوونەوە ناوخۆییەكان بكەن، هەم بۆ كۆبوونەوەكانی شاندی نێوان پارتی ‌و یەكێتی.

مەلا بەختیار لەمانگی 10ی رابردووەوە، لەدوای ئەوەی نەكرایە كاندیدی یەكێتی بۆ سەرۆك كۆماری عێراق، لەحیزبەكەی زویربوو، لەوكاتەوە نەگەڕاوەتەوە بۆ كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسی‌و ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، كە لەدوای داواكارییەكەی بارزانی بۆ گەڕانەوەی مەلا بەختیار، لەكۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی باسی ئەو پرسە كراوەو تێدا جەختكراوەتەوە، كە ناوبراو خۆی زویر بووەو لەماڵەوە دانیشتووە، بۆیە ناكرێت لەسەر داوای بارزانی بگەڕێنرێتەوە بۆ كۆبوونەوەكان.

هـ ـ ح