کۆمەڵی ئیسلامی: تا پارتی و یەکێتی رێکنەکەون بەشداری حزبەکان لە حکومەت یەکلایی نابێتەوە

کوردستان

14/01/2019‌ 666 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بریاردەری ئەنجومەنی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی رایگەیاند، تا ئێستا پارتی و یەکێتی کە هێزی یەکەم و دووەمی براوەن ڕاسپێردراون بە پێکهێنانی حکومەت لەنێوان خۆیاندا رێکنەکەوتوون کۆمەڵێک گیر و گرفتیان هەیە تا ئەوان رێکنەکەون داوا لە حیزبەکانی تریش ناکەن.

شوان ڕابەر، بریاردەری ئەنجومەنی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند، "جارێ کۆمەڵ بریاری نەداوە بەشداری بکات یان نەکات، هەر کاتێک کە پارتی وەکو کوتلەی یەکەم داوای لە کۆمەڵ کرد ئەو کات کۆمەڵ قسەی خوی دەکات، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی و مەبدەئی کۆمەڵ تەماشا دەکات میکانیزمی پێکهێانی حکومەت چوونن و ئەو لایەنانە کێن کە بەشداری دەکەن و بەرنامەکەی چوونە و ڕۆڵی کۆمەڵ لە نێو حکومەت چ دەبێت ئایا دەتوانێت چ خزمەتێک بکات چ دەورێک ببینێت".

تا ئێستا پارتی و گۆڕان چەند کۆبوونەوەیەکیان لەبارەی پیکهێنانی حکومەتی هەرێم کردووە، بەڵام تا ئێستا پارتی و کۆمەڵ هیچ کۆبوونەوەیەکیان نەکردووە نێوان کۆمەڵ و گۆڕان ئێستا چوونە جاران لە سەر زور پرس هاوهەڵویست بوون.

شوان ڕابەر راشیگەیاند، "کۆمەڵ و گۆڕان لە رابردوو لە سەر هەندێک پرسی سیاسی لە هەرێمی کوردستان لە پێناو بەرژەوەندی خەڵک هاوهەڵویست بوون لە ئیستاشدا نێوانان هەر وەکو جاران خوشە و باشە، بەڵام هەرلایەنەو سەربەخۆیە".

رونیشیکردەوە، کۆمەڵ لە ژێر هەژموون وسیاسەتی هیچ حیزبێکی ناوخۆ یان وڵاتێکی دەرەکی نیە لە بریارداندا سەربەخۆیە بە تایبەتیش سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی هەرێم کۆمەڵ لەگەل گۆڕان هیچ ئتیفاقیەکی ستراتیژی نیە ، هەردووکمان ئازادین سەربەخۆین.

رابەر دەشڵێت، "ئەگەر کۆمەڵ بەشداری بکات یان نەکات لە هەردوو ڕوو و ئاراستەوە بەرنامەی دەبێت ئەگەر ببێتە ئۆپۆزسیۆن بە تەنیا بێت یان لەبەرەی ئۆپۆزسیۆن بێت بە تاکید بەرنامەی بۆ گۆڕانکاری و چاکسازی دەبێت بەو مانایەی کە فشار بخاتە سەر حکومەت کە خەڵک هوشیار بکاتەوە هەنگاوی هەمەلایەنە بگرێتە بەر ئەگەر لە حکومەتیش بێت بەهەمان شێوە هەر لەسەرەتای دەسپێکی دانوستانەکان بە بەرنامەیەک دەچێتە ناو دانوستان".
ه.م