پارتی "نەرمی" بەرانبەر یەكێتی دەنوێنێت

کوردستان

15/01/2019‌ 3234 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەكێتی نیشتمانی دەیەوێت پرسی یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت جیابكاتەوەو بۆ ئەوەش پرۆژەیەكی خستووەتە بەردەم پارتی دیموكرات‌و ئەو حیزبەش "نەرمی" بەرانبەر دەنوێنێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس: كەوتووە، لەكۆبوونەوەی شاندی پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی، كە رۆژی دوو شەممە لەهەولێر ئەنجامدرا، تاوتوێی پرۆژەیەك كراوە، كە یەكێتی بۆ گفتوگۆكانی لەگەڵ پارتی ئامادەیكردووە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، ناوەڕۆكی پرۆژەكە پەیوەندی بەچەند پرسێكەوە هەیە، كە یەكێك لەپرسەكان یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كە پارتی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەو پۆستە كاندید كردووە.

شارپرێس، لەسەرچاوەیەكی ناوخۆیی یەكێتی ناوەڕۆكی پرۆژەكەی پێگەیشتووە، كە تایبەت بەپۆستی سەرۆكی هەرێم، یەكێتی دەیەوێت ئەو پرسە لەگفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم جیابكاتەوە.

هەروەها زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە یەكێتی باسی لەوەش كردووە، پێشتر پۆستی سەرۆكی هەرێم لەبەرانبەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بووە، بەڵام ئێستا ئەو دوو پۆستە هاوتای یەك نین‌و دەبێت بەپاكێجێكی جیاواز گفتوگۆی لەسەر بكەن.

پارتی‌و یەكێتی لەدوای واژووكردنی رێككەوتنی ستراتیژی لەساڵی 2005 لەسەر ئەوە رێككەوتن، كە پۆستی سەرۆكی كۆمار بۆ یەكێتی بێت‌و پۆستی سەرۆكی هەرێمیش بۆ پارتی، ئەو رێككەوتنە درێژەی كێشا تا هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح بەسەرۆك كۆماری عێراق.

بەرهەم ساڵح، كاندیدی یەكێتی لەمانگی 10ی رابردوو بەسەرۆك كۆماری عێراق هەڵبژێرا، كە لەبەرانبەر ئەو پارتی فوئاد حوسێنی كاندید كردبوو، بەڵام كاندیدەكەی پارتی شكستی هێنا، كە ئەوەش حیزبەكەی نیگەران كرد.

هەروەها زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە یەكێتی بیانووی بۆ جیاكردنەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێم لەگفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم ئەوەیە، پارتی كاندیدی خۆی هەبووە بۆ سەرۆك كۆمارو كێبڕكێكەی دۆڕاندووە، بۆیە ئێستا نابێت وەك مافی خۆی داوای پۆستی سەرۆكی هەرێم بكات‌و دەبێت بەرێگەیەكی تر ئەو پۆستە یەكلابكرێتەوە.

هاوكات شارپرێس زانیویەتی، یەكێتی لەپرۆژەكەی بۆ ئەو پرسە، پێشنیازی ئەوەی كردووە، دوای پێكهێنانی حكومەتی هەرێم، بابەتی پۆستی سەرۆكی هەرێم ببنە پەرلەمانی كوردستان‌و لەوێ‌ دوای رێككەوتنی لایەنەكان یەكلایبكەنەوە.

لەبارەی خاڵەكانی تری پرۆژەكەی یەكێتی، باس لەوە كراوە، كە دەبێت یەكێتی‌و پارتی رێككەوتنێكی سیاسی نوێ‌ واژوو بكەن، لەرێككەوتنەكەدا وردەكاری پێكهێنانی حكومەتی هەرێم‌و یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك‌و كێشەكانی هەردوو حیزب لەسەر پۆستەكانی عێراق یەكلابكەنەوە.

پێشتر پارتی لەبەرانبەر ئەو داواكارییانەی یەكێتی توند بوو، جێبەجێكردنیشی رەتكردبووەوە، بەڵام بەپێی سەرچاوەكەی شارپرێس، لەكۆبوونەوەی رۆژی دوو شەممە، پارتی ئامادەیی نیشانداوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرۆژەكە.

هەروەها پارتی ‌و یەكێتی لەو كۆبوونەوەیە بڕیاری پێكهێنانی دوو لیژنەیانداوە، كە یەكێك لەلیژنەكان بۆ گفتوگۆكردنە لەسەر پرۆژەكەی یەكێتی‌و بڕیاریشە لەدوای گفتوگۆكردنەكە كار بۆ واژووكردنی رێككەوتنێكی سیاسی لەو بارەوە بكەن.

هـ ـ ح