بەدواداچوون بۆ وەرگرتنی پاری خانەنشینی بۆ ئەو پەرلەمانتارانە دەكرێت هێشتا پەرلەمانتارن

کوردستان

15/01/2019‌ 788 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
حاكم ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەستپاكی لەهەرێمی كوردستان دەڵێت: دەستەی دەستپاكی بەدواداچوون دەكات لەسەر دەنگۆی وەرگرتنی (موكافەئەی شەش مانگی خانەنشینی) لەلایەن ئەو پەرلەمانتارانەی لەخولی چوارەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان پەرلەمانتاربوون، لەخولی- پێنجەمیش بوونەتەوە پەرلەمانتار، یا بوونەتە ئەندامی پەرلەمانی عێراق.

حاكم ئەحمەد ئەنوەر لەچاوپێكەوتنێكی لەگەڵ دەنگی ئەمریكا، دەشڵێت: "ئێستا لە ئەركدان ئەگەر لەدەرەوەی چوارچێوەی یاساو ڕێنماییەكان ئەو پارەیە وەرگیرابێت لەقۆناغی یەكەم داوا دەكەین ئەو پارەیە بگێڕنەوە"، ئاماژە بەوەش دەكات پەرلەمانتارانی خولی چوارەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان "موكافەئەی" شەش مانگەكەیان (٤٩ ملیۆن دینار-ەكە)ە بێپاشەكەوت وەرگرتووە.

هەروەها دەڵێت: دەستەكەیان لەئێستادا وردبینی لەبەراودكردنی سامان‌و داهاتی پەرلەمانتارانی خولی چوارەم دەكات لەكاتی دەست بەكاربونیانەوە بە بەراورد بەكۆتایی خولی پەرلەمان هەر زیادكردنێكی نائاسایی و نایاسایی لەسامانی هەر پەرلەمانتارێك و پلە تایبەتێك ڕویدا بێت دەستەكەیان بەتاوانی دەسكەوتی ناڕەوا ڕەوانەی دادگای دەكات.

ماوەی رابردوو راگەیەنرا، 16 پەرلەمانتاری خولی چوارەم، كە بۆ خولی پێنجەمیش بە پەرلەمانتاری هەڵبژێراونەتەوە، مامەڵەی خانەنشینیان كردووەو پارەی خانەنیشنیان وەرگرتووە، كە ئەوەش كاردانەوەی دروست كردووە.

هـ ـ ح