دەیەوێت راستەوخۆ نەوت لەهەولێر بكرێت
هیندستان پرۆژەی ستراتیژی بۆ كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان هەیە

کوردستان

15/01/2019‌ 2293 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
گۆڤاری ئیندیا دیفێنس ڕیڤیۆIndian Defence Review  بڵاویكردەوە، كە هیندستان پرۆژەیەكی ستراتیژی بۆ هەرێمی كوردستان هەیە، ئەوەش لەبواری وزەو بەرهەمهێنانی نەوت.

گۆڤارەكە بڵاویشیكردەوە، كە ناوەڕۆكی پرۆژە ستراتیژییەكەی هندستان بۆ نەوتی هەرێمی كوردستان، ئەوەیە راستەوخۆ نەوت لەهەولێر بكڕێت‌و رەوانەی وڵاتەكەی خۆی بكات.

هەروەها گۆڤارەكە بڵاویكردەوە، بەو پێیەی بەشێكی زۆر لەیەدەگی نەوتی عێراق لەناوچەكانی هەرێمی كوردستانە، هندستان دەیەوێت ئەو پرۆژەیە لەگەڵ حكومەتی هەولێر تاوتوێبكات‌و رێككەوتنی لەگەڵ بكات.

لەئێستادا زیاتر لە 50 كۆمپانیای جیهانی لەهەرێمی كوردستان كاری وەبەرهێنان لەوزە دەكەن، بۆیە هندستانیش دەیەوێت بێتە ئەو ریزەوەو كۆمپانیاكانی هانبدات بە كاركردن لەهەرێمی كوردستان.


ویشاخ كریشنا ڤالیاتان، لێكۆڵەڕی باڵای سەنتەری توێژینەوەیLand Warfare   بۆ گۆڤارەكە دەڵێت: هەرێمی كوردستانی عێراق سێ لەسەر یەكی بەرهەمی خاوی عێراقی تایبەت بەخۆی كردووە و وڵاتی عێراقیش جێی سەرنجی وڵاتی هیند بۆ كڕینی نەوتی خاوە.

هەروەها دەڵێت هەرێمی كوردستان عەنبارێكی گەورەی نەوتی یەدەگەو 14 بلۆكی نەوتی هەیەو هەندێك ناوچەی تری دەست لێنەدراوی نەوتی زۆری تێدایە، بۆیە هندستان چاوی لەوەیە لەو ناوچانە كاری وەبەرهێنانی نەوتی بكات.

ویشناخ كریشنا دەشڵێت، بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی كورستان ئەگەرچی بووە هۆی گۆشەگیربوونی ئەو هەرێمە، بەڵام لەئێستادا هەولێر توانیوییەتی پەیوەندییە دەرەكییەكانی لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەردا ئاسایی بكاتەوە و لە ئێستاشدا مانگانە زیاتر لە 10 میۆن بەرمیل نەوتی خاو لەهەرێمی كوردستانەوە ڕەوانەی وڵاتانی دەرەوە دەكرێت.

لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوەش كراوە، كە هیندستان یەكێك بووە لەگەورەترین هاوردەكارانی نەوتی خاو لە جیهاندا و یەكێك لە فاكتەرە سەرەكییەكان لەكڕینی نەوتی خاو، كاریگەریشی لەسەر بازاڕەكانی جیهان هەیە.

ویشناخ كریشنا ڤالیاتان جەختیشی كردووەتەوە، كە هیندستان ڕوانگەیەگی تایبەتی بۆ هەرێمی كوردستان هەیە و ئەم هەرێمەش دەتوانیت پەیوەندی ستراتیژی لەگەڵ هیندستاندا دروست بكات.