دڵشاد شەهاب: هەموو هەوڵێک دەدەین تا کۆتایى ئەم مانگە كابینه‌ی نۆ پێکبهێنرێت

کوردستان

15/01/2019‌ 970 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دڵشاد شەهاب، ئەندامى شاندى دانوستانکارى پارتى رایگه‌یاند، کۆکن لەسەر ئەوەى کە دەکرێت بۆچونەکانى بزوتنەوەى گۆڕان بکرێنە بنەماى سەرەکى بۆ کارنامەى کابینەى نوێى حکومەت.

دڵشاد شەهاب، ئەندامى سەرکردایەتى پارتى دیموکراتى کوردستان و ئەندامى شاندى دانوستانکارى ئەو حیزبە ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ دواى کۆبونەوەیان لەگەڵ بزوتنەوەى گۆڕان به‌میدیای گۆڕانی راگەیاندووه‌، "ئەوەى ئەمڕۆ کۆکبوین لەسەرى ئەوەبو کە بۆچونەکانى بزوتنەوەى گۆڕان بۆچونى هاوبەشن و دەکرێت بکرێنە بنەماى سەرەکى بۆ کارنامەى حکومەت".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "لە کۆبونەوەى ئەمڕۆدا هەنگاوێک زیاتر چوینە پێش بۆ تاوتوێکردنى وردەکارییەکان، پێوەرى بنەڕەتى بۆ هەر بەشداریکردنێک پشکى هەڵبژاردنە، بەڵام بەلاى هەردولاوە تێگەیشتن هەیە کە شەراکەتى راستەقینە دروستترە بۆئەوەى بتوانرێت پێکەوە کاربکرێت و هەموانیش بەرپرسیارێتى دۆخەکە لە ئەستۆ بگرن".

وەک ئەندامەکەى سەرکردایەتى پارتى باسى دەکات کۆبونەوەکان بەردەوام دەبن و لێکتێگەیشتن لەنێوان لایەنەکان هەیە و دەڵێت، "بڕیارى ئێمە وایە و هەموان کۆکین لەسەر ئەوەى پەلە بکەین لە دانوستانەکان و پێکهێنانى حکومەت کە ئەمە مافى خەڵکە و چیتر کات بەفیڕۆ نەدەین و ئێمە لە بەیانیەوە ئامادەین بۆ دروستکردنى لیژنە لاوەکییەکان".

دڵشاد شەهاب رونیشیكرده‌وه‌، "هەمو هەوڵێک دەدەین تا کۆتایى ئەم مانگە حکومەت پێکبێت، چونکە شتێکى ئەوتۆ نەماوە و لەسەر بنەما بنەڕەتیەکان کۆکین، بەشێوەیەک هاوبەشییەکانمان زۆرن و بیروبۆچونەکان بۆ چوارچێوەى گشتى بەڕێوەبردن لێک نزیکن، بۆیە لە ئایندەیەکى نزیکدا لیژنەکانى دیکەش دەست بەکارەکانیان دەکەن".
ه.م