پێكهێنانی حكومەتی هەرێم
كۆبوونەوەی "باش" بەڵام بێ‌ ئەنجام

کوردستان

16/01/2019‌ 1403 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
گەڕێكی تری گفتوگۆی نێوان پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی‌و بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پێكهێنانی حكومەت بەرێوەچوو، بەڵام وا دەرناكەوێت، لایەنەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ گەیشتبن بەئەنجامێكی ئەوتۆ.

شاندی پارتی رۆژی دوو شەممە لەشاری هەولێر لەگەڵ شاندی یەكێتی كۆبووەوەو رۆژی سێ‌ شەممەش، كۆبوونەوەی لەگەڵ گۆڕان كرد، كە ئەنجامی كۆبوونەوەكان دروستكردنی چەند لیژنەیەك زیاتر هیچی لێ‌ سەوز نەبووە.

دوای سەرجەم كۆبوونەوەكان بەرپرسانی حیزبەكان، كە لێدوانیان بۆ میدیاكانداوە، رایانگەیاند، كۆبوونەوەكانیان "باش" بووە، بەڵام ئەو باشییەی بەرپرسەكان وەسفی دەكەن، دوای زیاتر لە سەد رۆژ لەئەنجامدانی هەڵبژاردن، هێشتا دەروازەی پێكهێنانی حكومەت بەلایەنەكان نەكراوەتەوە.

لەمیانی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت یەكێتی نیشتمانی دەیەوێت پرسی یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت جیابكاتەوەو بۆ ئەوەش پرۆژەیەكی خستووەتە بەردەم پارتی دیموكرات‌و ئەو حیزبەش "نەرمی" بەرانبەر دەنوێنێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس: كەوتووە، لەكۆبوونەوەی شاندی پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی، كە رۆژی دوو شەممە لەهەولێر ئەنجامدرا، تاوتوێی پرۆژەیەك كراوە، كە یەكێتی بۆ گفتوگۆكانی لەگەڵ پارتی ئامادەیكردووە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، ناوەڕۆكی پرۆژەكە پەیوەندی بەچەند پرسێكەوە هەیە، كە یەكێك لەپرسەكان یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كە پارتی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەو پۆستە كاندید كردووە.

شارپرێس، لەسەرچاوەیەكی ناوخۆیی یەكێتی ناوەڕۆكی پرۆژەكەی پێگەیشتووە، كە تایبەت بەپۆستی سەرۆكی هەرێم، یەكێتی دەیەوێت ئەو پرسە لەگفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم جیابكاتەوە.

هەروەها زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە یەكێتی باسی لەوەش كردووە، پێشتر پۆستی سەرۆكی هەرێم لەبەرانبەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بووە، بەڵام ئێستا ئەو دوو پۆستە هاوتای یەك نین‌و دەبێت بەپاكێجێكی جیاواز گفتوگۆی لەسەر بكەن.

پارتی‌و یەكێتی لەدوای واژووكردنی رێككەوتنی ستراتیژی لەساڵی 2005 لەسەر ئەوە رێككەوتن، كە پۆستی سەرۆكی كۆمار بۆ یەكێتی بێت‌و پۆستی سەرۆكی هەرێمیش بۆ پارتی، ئەو رێككەوتنە درێژەی كێشا تا هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح بەسەرۆك كۆماری عێراق.

بەرهەم ساڵح، كاندیدی یەكێتی لەمانگی 10ی رابردوو بەسەرۆك كۆماری عێراق هەڵبژێرا، كە لەبەرانبەر ئەو پارتی فوئاد حوسێنی كاندید كردبوو، بەڵام كاندیدەكەی پارتی شكستی هێنا، كە ئەوەش حیزبەكەی نیگەران كرد.

هەروەها زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە یەكێتی بیانووی بۆ جیاكردنەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێم لەگفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم ئەوەیە، پارتی كاندیدی خۆی هەبووە بۆ سەرۆك كۆمارو كێبڕكێكەی دۆڕاندووە، بۆیە ئێستا نابێت وەك مافی خۆی داوای پۆستی سەرۆكی هەرێم بكات‌و دەبێت بەرێگەیەكی تر ئەو پۆستە یەكلابكرێتەوە.

هاوكات شارپرێس زانیویەتی، یەكێتی لەپرۆژەكەی بۆ ئەو پرسە، پێشنیازی ئەوەی كردووە، دوای پێكهێنانی حكومەتی هەرێم، بابەتی پۆستی سەرۆكی هەرێم ببنە پەرلەمانی كوردستان‌و لەوێ‌ دوای رێككەوتنی لایەنەكان یەكلایبكەنەوە.

لەبارەی خاڵەكانی تری پرۆژەكەی یەكێتی، باس لەوە كراوە، كە دەبێت یەكێتی‌و پارتی رێككەوتنێكی سیاسی نوێ‌ واژوو بكەن، لەرێككەوتنەكەدا وردەكاری پێكهێنانی حكومەتی هەرێم‌و یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك‌و كێشەكانی هەردوو حیزب لەسەر پۆستەكانی عێراق یەكلابكەنەوە.

پێشتر پارتی لەبەرانبەر ئەو داواكارییانەی یەكێتی توند بوو، جێبەجێكردنیشی رەتكردبووەوە، بەڵام بەپێی سەرچاوەكەی شارپرێس، لەكۆبوونەوەی رۆژی دوو شەممە، پارتی ئامادەیی نیشانداوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرۆژەكە.

هەروەها پارتی ‌و یەكێتی لەو كۆبوونەوەیە بڕیاری پێكهێنانی دوو لیژنەیانداوە، كە یەكێك لەلیژنەكان بۆ گفتوگۆكردنە لەسەر پرۆژەكەی یەكێتی‌و بڕیاریشە لەدوای گفتوگۆكردنەكە كار بۆ واژووكردنی رێككەوتنێكی سیاسی لەو بارەوە بكەن.

دوای كۆبوونەوەی شاندی باڵای پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی لەرۆژی دوو شەممە لەشاری هەولێر، مەحمود محەمەدو سەعدی ئەحمەد پیرە، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان خستەڕوو.

مەحمود محەمەد لەمیانی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكان وتی: كۆبوونەوەكە كۆبوونەوەیەكی باش بووە، تێدا چەند بڕیارێكماندا، بڕیارەكانیش ئەوە بوون، كە دوو لیژنە پێكهێنراون، بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە گفتوگۆكان چارەسەر بكرێت.

مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی وتیشی: لیژنەیەكیان بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەیە لەنێوان پارتی‌و یەكێتی هەیەو لیژنەیەكی تریش گفتوگۆو رێككەوتن دەكەن بۆ پێكهێنانی حكومەت.

هەروەها وتی: لیژنەكان كارا دەكەینەوەو دەمانەوێت لەمەولا بەزوویی گفتوگۆكان بەئەنجام بگەن، بۆ ئەوەی حكومەتی داهاتوو بەزوویی پێكبهێنرێت، جەختی لەوەش كردەوە، خواردی هەردوو حیزب لەو پێناوە كاردەكات.

هاوكات سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتی لەكۆنگرە رۆژنامەوانییەكە باسی لەوە كرد، چەند كێشەیەك لەنێوان پارتی‌و یەكێتی هەیە، بەڵام كێشەكان نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی دابڕان دروست بێت، وەك ئەوەی لەمیدیاكان باس دەكرێت.

سەعدی ئەحمەد پیرە وتیشی: ئەوان دەیانەوێت بۆ چارەسەری كێشەكان‌و پێكهێنانی حكومەت‌و یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك، لەگەڵ پارتی رێككەوتنی سیاسی واژووبكەن، لەو پێناوەشدا گفتوگۆكان بەردەوامدەبێت.

وتەبێژی یەكێتی جەختی لەوەش كردەوە، كە دۆخی كەركوك دۆخێكی سەربازییە، چونكە ئەوەندەی هێزی حەشدی شەعبی‌و هێزەكانی تر لەكەركوك هەیە، نیو هێندە هێز لەپارێزگاكان نییە، بۆیە دەبێت بەهەماهەنگی پارتی‌و یەكێتی ئەو دۆخە ئاسایی بكرێتەوە.

پیرە ئەوەشی وت: كار بۆ ئەوە دەكەن، كە پارێزگارێكی نوێ‌ بۆ كەركوك دابنرێت، بۆ ئەوەی ئەو دەسەڵاتە سەربازییە كۆتایی پێبهێنرێت، هەروەها ئیدارەی شارەكە بخرێتەوە كارو دەست بەخزمەتگوزارییەكانیان بكەن.

دوای ئەو كۆبوونەوەیەش شاندی پارتی و گۆڕان لەسلێمانی لەرۆژی سێ‌ شەممە كۆبوونەوەو دوای كۆبوونەوەی رایانگەیاند، دەبێت چیدی پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت دوانەخرێت و  پەلەبكرێت لەپرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نۆی حكومەت.

پارتی‌و گۆڕان لە راگەیەندراوێكدا راشیانگەیاند، كۆبوونەوەكەیان،لە كەشێكی بەرپرسیارانە‌و بە گیانی كاری هاوبەش ‌و پێكەوەیی لە پەلەكردن لە پێكهێنانی حكومەت لەسەر بنەمای تێگەیشتنی تەواو ‌و وەك، هەردولا لەسەر بنەمای خزمەتگوزاری چاكسازی بنەڕەتی ‌و هەڵگرتنی بەرپرسیارییەتی، بەڕێوەچووە".

ئاماژە بەوەشكراوە، شاندی پارتی‌و گۆڕان كۆكبوون لەسەر بوونی بەرنامەی هاوبەشی لایەنە بەشداربووەكان ‌و بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاردراوە دوو لیژنە دروست بكەن، بۆ یەكخستنی روانگەی بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی ، لەسەر كارنامەی حكومەت ‌و لیژنەیەك بۆ دانانی پێوەرەكانی چۆنیەتی بەشداریكردن لە حكومەت.

دوای كۆبوونەوەكەش دڵشاد شەهاب، ئەندامی سەركردایەتی‌و ئەندامی شاندی دانوستانكاری پارتی رایگەیاند، ئەوەی كۆكبوون لەسەری ئەوەبوو، كە بۆچوونەكانی بزووتنەوەی گۆڕان‌و ئەوان بۆچوونی هاوبەشن و دەكرێت بكرێنە بنەمای سەرەكی بۆ كارنامەی حكومەت، كە لەكۆبوونەوەكە هەنگاوێك زیاتر چووینە پێش بۆ تاوتوێكردنی وردەكارییەكان، "پێوەری بنەڕەتی بۆ هەر بەشداریكردنێك پشكی هەڵبژاردنە، بەڵام بەلای هەردولاوە تێگەیشتن هەیە كە شەراكەتی راستەقینە دروستترە بۆئەوەی بتوانرێت پێكەوە كاربكرێت و هەموانیش بەرپرسیارێتی دۆخەكە لە ئەستۆ بگرن".

وەك ئەندامەكەی سەركردایەتی پارتی باسی كردووە، كۆبوونەوەكان بەردەوام دەبن‌و لێكتێگەیشتن لەنێوان لایەنەكان هەیەو راشیگەیاند "بڕیاری ئێمە وایە و هەموان كۆكین لەسەر ئەوەی پەلە بكەین لە دانوستانەكان و پێكهێنانی حكومەت كە ئەمە مافی خەڵكە و چیتر كات بەفیڕۆ نەدەین و ئێمە لە بەیانیەوە ئامادەین بۆ دروستكردنی لیژنە لاوەكییەكان".

دڵشاد شەهاب رونیشیكردووەتەوە، هەموو هەوڵێك دەدەین تا كۆتایی ئەم مانگە حكومەت پێكبێت، چونكە شتێكی ئەوتۆ نەماوەو لەسەر بنەما بنەڕەتیەكان كۆكین، بەشێوەیەك هاوبەشییەكانمان زۆرن‌و بیروبۆچونەكان بۆ چوارچێوەی گشتی بەڕێوەبردن لێك نزیكن، بۆیە لە ئایندەیەكی نزیكدا لیژنەكانی دیكەش دەست بەكارەكانیان دەكەن".

بەپەلە