سەفین دزەیی: هەرێم لەگەمە سیاسییەكەی ناوچەكە یاریكەرێكی بەهێزە

کوردستان

16/01/2019‌ 597 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەهۆكاری سەردانی وەزیران و بەرپرسانی وڵاتانی جیاجیا كرد لەماوەی مانگێكدا بۆ هەرێمی كوردستان لەپاش سەردانیا بۆ بەغدادو رایگەیاند "هەرێمی كوردستان یاریكەرێكی بەهێزە لەو گەمە سیاسییەی، كە لەناوچەكەدا ئەنجام دەدرێت".

سەفین دزەیی لەمیانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ دەنگی ئەمریكا راشیگەیاند "جگە لەوەی هەولێر هەمیشە شوێنێك بووە بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی عیراق و ڕۆڵ و كەسایەتی مەسعود بارزانی (سەرۆكی پارتی دیموكرات) توانیوییەتی ڕۆڵێكی بەرچاوی هەبێت لەچارەسەركردنی كێشەكان، یاخود ڕاگرتنی هاوكێشەكان.

ئەمە لەكاتێكدایە، لەماوەی ئەم هەفتەیەی هەفتەی رابردوو وەزیرانی دەرەوەی ئەمریكاو ئێران‌و فەرەنسا سەردانی عێراقیان كردو دوای ئەوەش سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردو لەگەڵ بەرپرسانی هەولێر كۆبوونەوەیان ئەنجامدا.

وتەبێژی حكومەتی هەرێم، هەروەها رایگەیاند، عێراق وڵاتێكی گرنگە بۆ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی سەقامگیری بەواتای سەقامگیری ناوچەكەو نێودەوڵەتی دێت، ئەو وڵاتانە نایانەوێت ئاژاوەو ناسەقامگیری لەناوچەكە هەبێت، چونكە بەڕاستی هەموو لایەك مەترسی ئەوەیان هەیە، كە دووبارە ئەگەر "فەراغێك" یا ناكۆكییەك لەنێوان هەولێر و بەغداد دروست بێت ئەگەری هەیە ببێتە ڕێگاخۆشكەر بۆ سەرهەڵدانەوەی توندوتیژی داعش و یاخود "غەیری داعش-یش" لەبەر ئەوە هەموو شاندەكان دڵخۆشی خۆیان دەربڕیووە بۆ بەرەوپێش بردنی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغداد، ئێستا گفتوگۆ و هاتوچۆ لەنێوان هەولێر و بەغداد بۆتە شتێكی ئاسایی وەك جاران نەماوە، جاران دەبووە مانشێتی هەواڵەكان هەر "ئەمڕۆ" شاندێكی وەزارەتی دارایی و پلاندان لەبەغدادن بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی چەند پرسێك  بە بەردەوامی شاندی ئەمنی ئاڵوگۆڕ دەكرێت و هەوڵیش دەدرێت كەشوهەوایەك دروست بكرێت بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەو "مەلەف-انەی"، كە پێشتر دەستی بۆ درێژ نەكرابوون.

سەبارەت بە كۆبوونەوەی ئەو شاندانەش لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەفین دزەیی  رایگەیاند "خۆی كەسایەتییەكە وەك مەرجەعی چارەسەركردنی كێشەكان لێی دەڕوانرێت نەك تەنیا لەناوخۆی هەرێم بەڵكو لە عیراق-یش."

هـ ـ ح