هەڵوێستێكی توندی دیمەشق لەبارەی دروستكردنی ناوچەی ئارام لەباكووری سوریا

کوردستان

16/01/2019‌ 1722 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرچاوەیەك لەوەزارەتی دەرەوەی سوریا، دروستكردنی ناوچەی ئارام لەلایەن توركیاوە لەباكووری وڵاتەكەی بە دەستدرێژی بۆ سەر سوریاو پشیوانیكردن لەتیرۆریستان وەسفدەكات.

سەرچاوەكە رایگەیاند، جەختكردنەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا، لەبارەی دروستكردنی ناوچەیەكی ئارام لەسوریا، پیشاندەری ئەوەیە، كە ئەو بەس داگیركاری‌و دەستدرێژیكردن دەزانێت.

سەرچاوەكە قسەی بۆ ئاژانسی فەرمی سوریای (سانا) كردووەو راشیگەیاندووە "ڕەجەب تەییب ئەردۆغان چاودێری كاروباری تیرۆریستانی نێو سوریا دەكات‌و دەیەوێت هاوكارییان بكات".

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەش كردووە، سوریا لە بەرانبەر هەر جۆرە داگیركەرێك لە نموونەی توركیا، بەتەواوی هێز و توانایەوە بەرگری دەكات و بڕیاڕی یەكلایەنەی لە بەرگریكردن لەنیشتمان و سەروەری خۆی لەبەرانبەر دەستدرێژییەكان بۆ سەری دەبێت.

هەروەها سەرچاوەكە وتەكانی ئەم دوایەی  ئەردوغانی بە هەوڵدان بۆ تێكدان و پێشێلكردنی یەكێتی نیشتمانی لەسوریا و داگیركاری دژی خاكەكەی و پشتیوانكردنی لەتیروریزمی نێودەوڵەتی لەلایەن توركیاوە وەسفكرد.

باسی لەوەش كردووە، سیستەمی سەرۆكایەتی توركیا بەپێچەوانەی بنەما نووسراوەكانی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان هەنگاو دەنێت و ئەوان پێشێلی ڕاستەوخۆ دەكات، جەختیشیكردووەتەوە، وڵاتی سوریا هەر جۆرە هەوڵدانێك بۆ دەستدرێژیكردنە سەر یەكبوونی نیشتمانی لەسەرخاكەكەی داگیركاری ئاشكرا و پشتیوانیكردن لەتیرۆریزمی نێودەوڵەتی لەلایەن توركیاوە دەزانێت، كە هەشت ساڵە لەم وڵاتەدا دەجەنگێت.

ئەو كاردانەوەی بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە سوریا لەكاتێكدایە، كە ئەردۆغان رۆژی سێ‌ شەممە رایگەیاند، توركیا ئامادەی دروستكردنی ناوچەیەكی ئارامە لە باكووری سوریا لەسەر پێشنیاری دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا.

هـ ـ ح