تویتەكانی ترامپ.. پلانێكی تۆكمەن یان وڕێنەیەكی بەتاڵ؟

جیهان

16/01/2019‌ 1694 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس/ وەرگێڕان: لوقمان حاجی قادر
بەپێچەوانەی سەرۆك و سیاسییەكانی جیهانەوە، ۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا، تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر وەك هۆكارێك بەكاردێنێت بۆ دەرخستنی سیاسەت و بیرۆكە و بۆچوون‌و كاردانەوەكانی سەبارەت بەجیهان.

ترامپ تویتەر بەكاردەهێنێت چ لەو پرسانەی پەیوەستن بە دۆسییە گەورەو كاریگەرە‌كانی وەك پەنابەری، یان وەرچەرخانی ڕەگەزی، یان پەیوەندی بەسەرۆك و دەوڵەتانەوە، جاری وایە لەڕێگەی تویتەرەوە هەندێك لەبەرپرسان لەكاردەكات.

ترامپ بەو تویتانەی هەفتانە مشتومڕێكی نوێ‌ لەجیهان دروست دەكات،  كە لەتویتەركانی دوودڵی ناكات لە هێرشكردن، یان ڕەخنەگرتن یان وەڵامدانەوەی ڕەووتی ڕووداوەكان لە جیهاندا، یاخود دژ بەنەیاری سیاسی،  یان كەسایەتی وەرزشی یان هونەری ‌و خەڵكانی بەناوبانگی دیكە شت دەنووسێت، كە هەراسانی دەكەن. 

بۆ نموونە سەبارەت بە (میرەڵ))ی ژنە ئەكتەر وتی: "زێدەڕەووی لەبارەوە دەكەن"، ئەمەش دوای ئەوەی ئەكتەری ناوبراو لەئاهەنگی گوڵدن گلوپ ڕەخنەی لە سیاسەتەكانی ترامپ گرتبوو.

ترامپ لەساڵی 2009، تا ئێستا تویتەكانی گەیشتووەتە 38 هەزار تویت، واتە ساڵانە 4200 تویت دەكات، بە تێكڕایی 11 بۆ 12 تویت ڕۆژانە، كە 57.8 ملیۆن كەس دەیبینن، ئەمەش وایكردووە واڵەكەی لەو 18 واڵانە بێت، كە  زۆرترین بنكەی  جەماوەرییان هەیە، لە دوای ئۆباماشەوە دووەم سیاسییە، كە زۆرترین تویتی ڕۆژانەی هەیە.

بەتێپەڕبوونی ڕۆژگار تویتەكانی ترامپ بوونە مانشێتی سەرەكی هەواڵەكان، بۆیە كۆشكی سپی ڕایگەیاند، ئەو تویتانە وەك لێدوانی فەرمی سەرۆكایەتی سەیر دەكات، كە ئەو پرسە نەك هەر سەیرە، بەڵكو بووەتە جیگەی مەترسیش، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لەبری ئەوەی سەرۆكی ئەمریكا لەگەڵ گەورە ڕاوێژكارەكانی كۆبێتەوە، مۆبایلەكەی هەڵدەگرێت‌و تویتێك دەكات‌و قسە لەسەر دۆسییەی ئەتۆمی كوریای باكوور دەكات.

هێزێكی كارا و هۆكارێك بۆ پەرشوبڵاوی 
لەم ساڵانەی دوایدا دەرووناسان بەخەستی چەمكە زانستە دەروونییەكانیان وەك ئامرازێك بەكارهێناوە سەبارەت بەژیانی زۆرێك لە ناودارانی جیهان، كە واڵەكەی ترامپ- یش لەسەر تویتەر سەرنجی زۆریك لەزانا و پسپۆرانی دەروونی ڕاكێشاوە، چونكە بەكارهێنانی پێگەكەی لەسوشیال میدیا ‌لەناو سیاسییەكاندا تاڕادەیەك نامۆیە.

سۆشیاڵ میدیا بۆ ترامپ بووەتە گۆرەپانێكی جەنگ، كە دەبێت بەڕێباز و شێوازی جۆراوجۆر پڕچەك بكرێت و جۆش بدرێت، بە شێوەیەك خزمەت بە بەرژەوەندییە سیاسییەكانی بكات. 

بەگوێرەی قسەكانی جۆرج لاكۆڤ- ی فەیلەسوفی ئەمریكی و زانای زمانەوانی و مامۆستای زانكۆی كالیفۆڕنیا، ترامپ سوشیال میدیا وەك چەكێك بەكاردێنێت بۆ زاڵبوون بەسەر جیهانی هەواڵەكان بەڕێباز و شێوازێكی تاكتیكی و ستراتیژی پلان بۆداڕێژراو.

لاكۆڤ لەزنجیرە تویتەكانی واڵی تایبەتی خۆی لەتویتەر نووسیوویەتی، ئامانجی ترامپ لەو‌ تویتانە زاڵبوونە بەسەر سوشیال میدیا لە ڕێگەی دووبارەكردنەوە و قسە لەسەر كردنیان لەمیدیاكان، كە پێیوایە، دووبارەبوونەوەی ئەو پەیامانە لە شوشیال میدیا زۆر كاریگەی هەیە بۆسەر تاك و كۆمەڵەكان.

لاكۆڤ لەكۆتایی ڕاڤەكردنەكانیدا دەڵێت: تویتەكانی ترامپ "شێتانە و حەوسەلەبازی نین"، بەڵكو شێوازێكی كارا و‌ زیرەكانەن بۆ ئەوەی ڕۆژنامەگەری زیاتر تیشك بخەنەسەر  قسەكانی.

لە دەرووناسیدا چەمكی وردبوونەوە لاگیرییەكی مەعریفییە بۆ وەسفكردنی دیاردەیەكی مرۆیی باو، كەسەكان پشت بە زانیارییەك، یان زانیاری كەم دەبەستن لە بڕیاردان و كاردانەوەكانیان و پەرەدان بە سۆز و هەستەكان سەبارەت بەڕووداوەكانی دەووروبەریان.

ترامپ تویتەر بۆ دوورخستنەوەی سەرنجڕاكێشانی كەسەكان لەڕاستییە گەورەكان، یان شتەكان، یان هەواڵەكان بەكاردێنیت‌و گەرەكییەتی ڕۆژنامەگەری ڕووماڵیان نەكات، بەمەش دەمەتەقێیەك دروست دەكات بۆ ئەو شتەی خۆی مەبەستییەتی‌و سوودیش لەو شڵەژان و پشێوییە وەردەگرێت كە تویتەكانی دەینێنەوە.

بە دوو‌بارەبوونەوەی ئەو تویتانەی ترامپ، تویتەكان لە مێشكی ملیۆنەها كەسدا دین و دەچن، جا چ هەڕەشەی ئەتۆمی بكات، یان ڕەخنە لە ئەكتەرێك بگرێت، تڕامپ بەو تویتە بەردەوامانەی جڵەوگیری ئەقڵی ملیونەها كەس دەكات بۆ تیشك خستنەسەر ئەو بابەتانەی ئەو گەرەكنی، كە جاری واش هەیە شتی هیچن و وڕێنەن.

هەروەها لاكۆڤ لەوتاریكی لە ڕۆژنامەی گاردیاندا نووسیوویەتی، ترامپ یاری بە تویتەكانی دەكات، میدیا و ڕۆژنامەگەریش دەیورژێنن و ترش و خوێی دەكەن و برەو بەبیرۆكەكانی دەدەن بەوەی دووبارەی دەكەنەوه یان ڕەخنە لە تویتەكانی دەرگرن.

لاكۆڤ تویتەكانی تڕامپ بۆ 4 بەشی سەرەكی پۆلێن دەكات، یەكەم لە هەوڵی ئەوەدایە پێشوەختە چوارچێوەیەك بۆ شتێك دروست بكات، كە خۆی دەیەوێت، دووەم سەرنجلادانی خەڵك لەسەر شتێك هەڕەشەن بۆسەر خۆی، سێیەم وەرچەرخاندنی لۆمەكارییە بەرە و كەسێكی دیاریكراو، یان هۆكارەكانی ڕاگەیاندن‌، چوارەم لەوانەشە قسەفڕیدان بێت بۆ زانینی كاردانەوەی خەڵك بۆ ئەوەی دەیەویت بیكات یان ئەوەی دەتوانی بیكات.

لاكۆڤ بەوە ئامۆژگاریمان دەكات، كە باشترین ڕێگە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ تویتە دنەدەرە بەتاڵەكانی ترامپ ئەوەیە فەرامۆشیان كەین و بایەخیان پێنەدەین بەوەی وەڵامیان نەدەینەوەو دووبارەشیان نەكەینەوە، سەرباری ئەوەی چارەسەرەكە سوك ئاسانە، بەڵام ئاخۆ جیهان دەتوانێت گوێ بەتویتەكانی سەرۆك ترامپ نەدات؟