شارپرێس:
ڕۆژنامه‌یه‌كی قه‌ته‌ری سه‌ردانی سه‌رۆك‌و به‌رپرسانی وڵاتان بۆ عێراق به "به‌هاری دیبلۆماتی" ناوده‌بات، باس له‌پێگه‌ی سه‌رۆك كۆمار ده‌كات.
ماوه‌ی مانگێكه عێراق له‌سه‌ر ئاستی دیبلۆماتی به‌راورد به‌ساڵانی ڕابردوو گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره‌ی به‌خۆیه‌وه بینوه، گه‌یشتووه‌ته ئه‌وه‌ی لانی كه‌م ڕۆژانه به‌رپرسێكی باڵای وڵاتێك سه‌ردانی عێراق ده‌كات.
ڕۆژنامه‌ی عه‌ره‌بی جدید له‌ڕاپۆرتێكدا ئه‌و دۆخه به "به‌هاری دیبلۆماتی" ناوده‌بات‌و له‌زاری ڕاوێژكارێكی به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراقه‌وه بڵاویكرده‌وه، "به‌رهه‌م ساڵح سه‌ركه‌وتوو بووه له‌وه‌ی وێنه‌ی پۆستی سه‌رۆك كۆمار، له‌پۆستێكی ته‌شریفاتیه‌وه بۆ پۆستێكی گرنگ له‌عێراق، له‌لای وڵاتانی ناوچه‌كه بگۆڕێت".
به‌وته‌ی ئه‌و ڕاوێژكاره‌ی به‌رهه‌م ساڵح، ئێستا پۆستی سه‌رۆك كۆمار له‌پڕۆسه‌ی سیاسی عێراق له‌ناوخۆ، له‌ده‌ره‌وه‌ی عێراقیش كاریگه‌ریی خۆی هه‌یه.
عه‌لی ڕه‌بیعی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له هاوپه‌یمانی چاكسازی ده‌ڵێ، سه‌ردانی سه‌رۆك‌و به‌رپرسی وڵاتان بۆ عێراق كاریگه‌ریی گه‌وره‌ی ده‌بێت، هه‌روه‌ها ئێستا عێراق پێگه به‌هێزه‌كه‌ی ڕابردووی له‌ناوچه‌كه بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و ناتوانرێت په‌ڕاوێز بخرێت.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه ئه‌یاد غه‌راوی، مامۆستای سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی له‌زانكۆی به‌غدا پێی وایه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی عێراق ئێستا پێگه‌یه‌كی گرنگی له‌ڕوی دیبلۆماتیه‌وه هه‌یه، به‌ڵام ده‌بێت به‌هۆشیاریی‌و وریاییه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌ندێك پرسدا بكات، به‌دیاریكراوی سزاكانی ئه‌مریكا بۆسه‌ر ئێران، پرسی ئاینده‌ی سوریا‌و مانه‌وه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د له‌پۆسته‌كه‌ی.
ڕ. ج