شارپرێس:
دوان له‌وه‌زیره‌كانی كابینه‌ی هه‌شتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌كابینه‌ی نۆ-ی حكومه‌ت ده‌مێننه‌وه، شارپرێس به‌شێكیش له‌داواكاریی لایه‌نه‌كان بۆ پۆسته‌كانی حكومه‌ت ئاشكراده‌كات.
به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی تایبه‌ت ده‌ست شارپرێس كه‌وتون، هه‌ریه‌كه له ئاشتی هه‌ورامی وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كان، ڕێباز حه‌ملان وه‌زیری دارایی‌و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێم، له‌كابینه‌ی نۆدا له‌پۆسته‌كانیان ده‌مێننه‌وه.
شارپرێس زانیویه‌تی، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌ت سوربووه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و دوو وه‌زیره له‌پۆسته‌كانیان بمێننه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی مه‌سرور بارزانی كاندیدی پارتی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆ-ی حكومه‌ت ده‌یویست زۆرینه‌ی وه‌زیره‌كانی كابینه‌كه‌ی له‌كه‌سانی نوێ بن.
تا ئێستا گفتوگۆی نێوان پارتی، یه‌كێتی‌و گۆڕان بۆ چۆنیه‌تی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت به‌رده‌وامه، شارپرێس زانیویه‌تی پارتی ده‌یه‌وێت وه‌زاره‌تی دارایی‌و سامانه سروشتییه‌كان، خوێندنی باڵا‌و ته‌ندروستیش وه‌ربگرێت.
له‌به‌رامبه‌ردا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌هه‌مانشێوه چاوی له‌وه‌زاره‌تی داراییه، هاوكات داوای سێ وه‌زاره‌تی خزمه‌تگوزاریش ده‌كات، ئه‌وه جگه له‌وه‌رگرتنی پۆستی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم.
یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ده‌یه‌وێت له‌كابینه‌ی نۆدا دوو وه‌زاره‌تی سیادی وه‌ربگرێت، كه ئه‌و حزبه چاوی له‌وه‌زاره‌تی ناوخۆ و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌یه.
له‌دواین كۆبوونه‌وه‌ی گۆڕان و پارتی، به‌رپرسانی گۆڕان داوایان له‌پارتی كردوه كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستانیش له‌كابینه‌ی نۆ-دا به‌شداریی پێبكرێت، به‌ڵام تا ئێستا ڕوننیه پارتی به به‌شداریكردنی كۆمه‌ڵ له‌كابینه‌ی نوێ ڕازیده‌بێت یاخود نا، له‌و حاڵه‌ته‌شدا پشكی لایه‌نه‌كان له‌كابینه‌ی داهاتوو گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا دێت.
ڕ . ج