ژنێکی ئێزدی و سێ منداڵی لە دەستی داعش ڕزگارکران

کوردستان

16/01/2019‌ 704 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەڕێوەبەری نوسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی ئیزدی ڕایگەیاند "ئەمڕۆ توانیویانە ژنێکی ئێزدی و سێ منداڵەکەی لە سوریا لە دەستی داعش ڕزگاربکەن".

حسێن کورو بەڕێوەبەری نوسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی ئیزدی بەمیدیاکانی ڕاگەیاندوە "ئەو ژنە خەڵکی گوندی دوگرێی سەربە قەزای شنگالە، تەمەنی ٢٥ ساڵە و ماوەی چوار ساڵ خۆی و منداڵەکانی لەژێر دەسەڵاتی چەکدارانی داعشدا بوون".

حسێن کورو ئاماژەی بەوەش کرد "لە ئێستادا ئەو ژنە گەڕێنراوەتە نێو کەسوکارەکەی، پشکنینی پزیشکی بۆ ئەنجامدراوە و لە کەمپی شاریا لە دهۆک نیشتەجێکراوە".


بەڕێوەبەرایەتی نوسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی ئێزدی  ئەوەشی وتوە "ە سەرەتای ئەمساڵەوە تاکو ئێستا توانیویانە ١١ کەس لەدەستی داعش ڕزگاربکەن، بەم جۆرەش ژمارەی تەواوی ڕزگارکراوان لەدەستی داعش گەشتووەتە سێ هەزار و ٣٤٢ کەس و، تاکو ئێستاش سێ هەزار هاوڵاتی دیکەی ئێزدی لەژێر دەستی چەکدارانی داعشدا ماون".


٣ی ئابی ٢٠١٤ داعش هێرشیکردە سەر ناوچەی شنگال و دەشتی نەینەوا و، هەزاران هاوڵاتی ئێزدی کەوتنە ژێردەستی چەکدارەکانی ئەو ڕێکخراوە.


هـ ـ ر

بەپەلە