شارپرێس:
هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی عێراق ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه له كۆشكی سه‌لام كۆبوونه‌وه و تاوتوێی دۆخی سیاسی و ئاسایش و نزیككردنه‌وه‌ی دید و بۆچوونی لایه‌نه‌کانیان كرد، هاوكات جه‌ختیان له په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی گشتی عێراق كرده‌وه.
به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی نوسینگه‌ی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار، ئه‌مڕۆچوارشه‌ممه هه‌ریه‌كه له به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق و عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیران و محه‌مه‌د حه‌لبوسی، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق كۆبونه‌ته‌وه‌و دۆخی ناوخۆی عێراقیان تاوتوێ كردوه.
هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه جه‌ختیان له په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی گشتی كرده‌وه به‌پێی دوا گۆڕانكاری پێویست و كارئاسانی دام و ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت بۆ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان به هاووڵاتیان.
هاوكات له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌خت كرایه‌وه، بۆ كاری هاوبه‌ش له پێناوی سه‌رخستنی كارنامه‌ی حكومه‌ت و پشتیوانی له سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كه‌یدا و ته‌واوكردنی كابینه‌ی حكومه‌ت پابه‌ندبوو به ده‌ستووره‌وه.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه، هه‌ر له‌میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له ئه‌نجامی سه‌ردانه‌كه‌ی پادشای ئوردن و شاندی باڵای وڵاتان بۆ عێراق كرا، سه‌ره‌ڕای ڕۆڵی عێراق له به‌رجه‌سته‌كردنی ئاشتی و سه‌قامگیری ناوچه‌كه و سیاسه‌تی كرانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی تر به‌جۆرێك كه سه‌روه‌ری نیشتمانی پارێزراو بێت و خزمه‌ت به به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش بكات.
ه.م