وردەكاری دابەشكردنی پۆستەكان
لێكتێگەیشتنەكانی پارتی‌و یەكێتی‌و گۆڕان بۆ پێكهێنانی حكومەت

کوردستان

17/01/2019‌ 3695 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی دیموكرات وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردن، گەیشتووەتە لێكتێگەیشتنی سەرەتایی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی‌و بزووتنەوەی گۆڕان ، ئەوەش بۆ پێكهێنانی حكومەت.

پارتی، كەرۆژانی دوو شەممەو سێ شەممەی رابردوو گەڕێكی نوێی گفتوگۆكانی لەگەڵ یەكێتی ‌و گۆڕان بەرێوەبردو بەپێی زانیارییەكانی شارپرێس، گفتوگۆكانی ئەم جارە ئەنجامی هەبووەو گەیشتوون بەلێكتێگەیشتن.

هەر بەپێی زانیارییەكانی شارپرێس، لەكۆبوونەوەكان لایەنەكان قسەیان لەسەر دابەشكردنی پۆستە باڵاكان‌و پۆستە وەزارییەكان كردووەو بەشێوەیەك پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كە بەكاندیدی پارتی دیموكرات دەكرێت‌و نێچیرڤان بارزانی بۆی كاندیدكراوە، جێگرەكەی بۆ كاندیدی بزووتنەوەی گۆڕان دەبێت.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، كە پۆستی سەرۆكی حكومەت، كە بۆ پارتی دیموكرات دیاریكراوەو مەسرور بارزانی بۆ كاندیدكراوە، جێگرەكەی بۆ یەكێتی دەبێت‌و قوباد تاڵەبانی بۆ كاندید دەكرێت.

لەبارەی پۆستەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمان، زانیارییەكان باس لەوە دەكەن، كە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی نیشتمانی دەبێت‌و بێگەرد تاڵەبانی، یان رێواز فایەق كاندید دەكرێن بۆ پۆستەكە، جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانیش هێمن هەورامی لەپارتی دیموكرات بۆ كاندید دەكرێت‌و جێگری دووەمیش تائێستا یەكلانەبووەتەوەو ئەنجامی گفتوگۆكان ئەو پۆستەش یەكلادەكاتەوە.

لەبارەی پۆستە وەزارییەكانیش، پارتی‌و یەكێتی بەوە گەیشتوون، كە وەزارەتە ئەمنی‌و ئابوورییەكان لەنێوان خۆیان دابەشبكەن، بەشێوەیەك ناوخۆ بۆ پارتی بێت‌و پێشمەرگە بۆ یەكێتی، لیژنەشیان بۆ گفتوگۆكردن لەسەر وردەكاری دابەشكردنی پۆستەكانی تر دروستكردووە.

پارتی 45 كورسی پەرلەمانی هەیەو براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی 30 ئەیلوولی رابردووی پەرلەمانی كوردستانە، یەكێتی نیشتمانیش 21 كورسی هەیەو براوەی دووەمە، هەرچی بزووتنەوەی گۆڕان بە 12 كورسییەوە پلەی سێیەمی هەیەو رەنگە حكومەت لەنێوان ئەو سێ‌ لایەنە پێكبهێنرێت.

هـ ـ ح