هەندێك غازی ناو میزەڵدانەكان مەترسیدارن‌و ئەگەری رووداویان لێدەكرێت

هەمەڕەنگ

17/01/2019‌ 586 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پسپۆڕانی بواری ئاگركوژینەوە هۆشداری ئەوە دەدەن، هەندێك لەو میزەڵدانانەی، كە لە بۆنەو ئاهەنگەكان، یان وەك یاری منداڵان بەدەستیانەوە دەبینرێن، مەترسی تەقینەوەو ڕووداوی مەترسیداری نەخوازراویان لێدەكرێت.

ئەو پسپۆرانە ئاماژە بەوەش دەكەن، هەندێك خەڵك بێئاگان لەو غازەی، كە بۆ پڕكرنی ئەو جۆرە میزەڵدانانە بەكاردەهێنرێن، چونكە هەندێك لەو غازانە مەترسیدارن‌و ئەگەری تەقینەوەو ئاگركەوتنەوەیان لێدەكرێت.

پسپۆڕانی بواری ئاگركوژینەوە هەروەها دەڵێن، بوونی غازی هایدروجین، كاربۆن و غازی تایبەتمەند بە پڕكردنی میزەڵدانەكان، كە بەم دوایانە لەنێو بازاڕەكاندا دەبینرێن، مەترسیدارن و ڕەنگە بە بچووكترین بریسكەی ئاگر لەنزیكیاندا تەقینەوەیان بەدوادا بێت، چونكە ئەو جۆرە غازانە تایبەتمەندی زوو گڕگرتنیان بەهۆی هەستیارییان لەبەرانبەر گەرماوە هەیەو دەتوانن ببنە هۆی تەقینەوە و ئاگرلێكەوتنەوەوە.

هەر بەپێی ڕێنمایی ئەم پسپۆڕانە، باشترین جۆری ئەو میزەڵدانانە لە ئێستادا ئەو میزەڵدانانەن، كە لە پێكهاتەی ئەواندا غازی هێلیۆم بەكار دەهێنرێت و لەمەترسییە ئاماژە پێكراوەكانی سەرەوە دوورن.