داوای لێبوردنەكەی سەعید كاكەیی كاردانەوە دروست دەكات

عیراق

17/01/2019‌ 5183 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەعید كاكەیی ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق گەڕایەوە بۆ كۆمسیۆن‌و داوای لێبوردنی كرد، ئەوەش كاردانەوەی دروست كردووە.

لەمیانی ڤیدیۆیەك، كە میدیا عێراقییەكان بڵاویانكردووەتەوە، سەعید كاكەیی لەبەردەم ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمسیۆن دەبینرێت‌و دەڵێت: "من ئێستا گەڕاومەتەوە داوای لێبوردن دەكەم لەئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان".

سەعید هەروەها دەڵێت: "دوای ئەو داوای لێبوردنە دان بەوەشدا دەنێم ساختەكاری لەهەڵبژاردنەكان نەكراوە، چونكە هیچ بەڵگەیەك لەسەر ئەندامانی كۆمسیۆن ساخنەبووەتەوەو دووبارە داوای لێبوردن دەكەم".

لەكاردانەوەدا عەلی قادر بەرێوەبەری گشتی ئۆفیسی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دەڵێت: "پیاوی (..) كارەساتە گەر لەپێگە باڵاكانی دەوڵەتدا بێت ئەوەتا، سەعید كاكەیی چۆن لەكاتی هەڵبژاردنەكان (..) دەكردو لەم تەلەفزیۆن بۆ ئەو تەلفزیۆن دەچوو (..) بۆ هاورێ و هاپیشەكانی دەكرد بەبێ ئەوەی هیچ لەهەڵبژاردن بزانێت".

عەلی قادر دەشڵێت: سەعید كاكەیی "چووە ئەو پێگە گرنگە و زیانێكی زۆری لەدامودەزگای هەڵبژاردن و پرۆسەی سیاسی عێراقدا، كەچی ئێستا  (..) لەبەردەم ئەنجوومەنی كۆمسیاراندا داوای لێبوردن دەكات و دان بەنەزاهەت و پاكژی پرۆسەی هەڵبژاردندا دەنێت..".

سەعید كاكەیی لەپشكی بزووتنەوەی گۆڕان، بووەتە ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی كۆمسیۆن‌و لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەساڵی رابردوو باسی لەوە كرد، كە ساختەكاری كراوەو بەو هۆیەشەوە ئەندامییەتی خۆی لەكۆمسیۆن هەڵپەسارد.

هـ ـ ح