داوادەكرێت ئاسایشی كوردانی ڕۆژئاوا بەكۆمپانیا ئەمنییە ئەمریكییەكان بسپێرێت

کوردستان

17/01/2019‌ 1159 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دەرچوونی هێزەكانی ئەمریكا لەسوریا، كوردانی هاوپەیمانی واشنتۆن لەو وڵاتە دەخاتە بەر مەترسی هێرشی سوپای  توركیا، بۆیە پێشنیازێكی نوێ‌ لەو بارەوە خراوەتەڕوو.

یەكێك لەفەرماندەكانی پێشووی هێزی دەریاوانی ئەمریكا‌و دامەزرێنەری كۆمپانیای ئەمن‌و ئاسایشی تایبەت بەناوی  "بلاك واتێر" پێشنیاری ئەوەی كردووە، ئاسایشی كوردانی سوریاو ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ داعشدا بەكۆمپانیاو كەرتە تایبەتە سەربازییەكان بسپێرێت.

ئێریك پرینس، پلەباڵای پێشووی هێزەكانی دەریاوانی ئەمریكاو دامەزرێنەری بلاك واتێر هەرچەندە پشتیوانی لە بڕیاڕی كشانەوەی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی وڵاتەكەی كردووە‌و خوازیاری كۆتایی شەڕە بێ كۆتاییەكان لەسوریادا بووە، بەڵام ئەو جەختی لەسەر ئەو خاڵەیە كردووەتەوە، كوردەكانی سوریا لەئەگەری دەرچوونی ئەمریكا، دووچاری هەڕەشەو هێرشی توركەكان و تیرۆریستان دەبنەوە.

ئەو پلەباڵایە هەروەها بە ئاژانسی فۆكس بیزنێسی وتووە، نابێت كوردە هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لەسوریا جێبهێڵرێن و دەتوانرێت ئەمنییەت و ئاسایشی ئەوان، بە كەرتە تایبەتە ئاسایشییەكانی ئەمریكا بسپێردرێت.

كۆمپانیای بلاك واتێر پێشووتر  لەئەفغانستان و  عێراقدا كاری كردووە، بەڵام پاش ئاشكرابوونی چەند گەندەڵییەك لەسەری ناوی ئەو بە ئەكادیمیای "بلاك واتێر" گۆڕاوە.

دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا رۆژی 19ی مانگی رابردوو بڕیاری كشانەوەی هێزە ئەمنییەكانی ئەمریكای لەسوریا راگەیاند، كە چوار ساڵە لەگەڵ هێزە كوردییەكان شەڕی داعش دەكەن‌و ئەوەش كاردانەوەی جۆراوجۆری دروست كردووە.

هـ ـ ح