شەڕی دەركردنی هێزەكانی ئەمریكاو توركیا لەپەرلەمانی عێراق دەستپێدەكات

عیراق

17/01/2019‌ 725 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نوێنەرێكی هاوپەیمانی "سائیرون" لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ڕەشنووسی یاسای دەرچوونی هێزە دەرەكییەكان، بەتایبەتی ئەمریكا، لەخاكی عێراق لەهەفتەی داهاتوودا پێشكەش بەئەنجوومەنی نوێنەران دەكرێت.

جەمال فاخیر نوێنەری هاوپەیمانی سائیرون، بەهەواڵدەری (المعلومە)ی ڕاگەیاندووە، یاسای دەرچوونی هێزە دەرەكییەكان بەتایبەت "ئەمریكا و توركیا" لەنێو خاكی عێراقەوە بۆ خوێندنەوە و بڕیاردان.

ئەو پەرلەمانتارە راشیگەیاندووە، هەفتەی داهاتوو لەلایەن كۆمیسیۆنی یاسایی پەرلەمانەوە پێشكەش بەدەستەی  سەرۆكایەتی دەكرێت، تا لە پەرلەمانی عێراقدا گفتوگۆی پێویستی لەبارەوە بكرێت.

فاخیر ئاماژەی بەوەشكرد، لەو ڕەشنووسەدا جەخت لەسەر دەرچوونی خێرایی هێزە دەرەكییەكان لەعێراقدا كراوەتەوە، هەروەها ئەوەشی  ڕوونكردەوە، لەئێستادا بەهۆی ئەوەی هێزەكانی ئەمریكا بەبێ هیچ پێدانی زانیارییەكی پێشوەختە دەست بەجووڵەی سەربازی نادروست لە خاكی عێراقدا دەكەن، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش هەندێك جوڵەی یاسایی بەمەبەستی بڕیاردان لەسەر دەركردنی ئەم هێزانە خستووەنە ئاراوە و لەیەكێك لەدانیشتنەكانی هەفتەی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، یاسای دەركردن‌و مامەڵەكردنی لەمە بەدوای حكومەتی عێراق لەبارەی ئەم هێزانەوە دەخاتە بەرباس‌و گفتگۆی پەرلەمانتارانەوە.

هـ ـ ح