پارتەكەی ئەردۆغان لەهەڵبژاردنی شارەوانییەكان لەئەنقەرەو ئەستەمبوڵ دەدۆڕێت

جیهان

17/01/2019‌ 1935 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس/ وەرگێرانی: لوقمان حاجی قادر
پێشبینییەكان بۆ ئەوەن ، كە پارتی دادوگەشەپێدانی توركیا بەسەرۆكایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە لەهەڵبژاردنی شارەوانییەكان لەئەنقەرەو ئەستەمبوڵ بدۆڕێت‌و شارەوانییەكانی لەدەست بدات.

پارتی دادوگەشەپێدان، بەسەرۆكایەتی ئەردۆغان، 18 ساڵە حوكمرانی توركیا دەكات، بەهۆی سیاسەتەكانی لەوڵاتەكەو قەیرانی ئابووری ‌و هەڵكشانی تەنگژەكان لەوانەیە باڵادەستی خۆی بەسەر ئەنجوومەنی هەندێك لەشارەوانییە گەورە‌كان لە هەڵبژاردنەی 31 مارسی ئەمساڵ لەدەست بدات.

ئەردۆغان لەئێستادا‌ چێژ لە پیادەكردنی دەسەڵاتەكانی وەردەگرێت، كەچی لاوازی پارتەكەی (داد و گەشەپێدان) لە حوكمڕانیدا گورزێكی كوشندەیە بۆ دەسەڵاتەكەی، ئەو پاشەكشە ئابوورییەش، كە تووشی هاتووە لە ئایندەدا ئەوە دەردەخات چ زیانێكی گەورە بە سیاسەتەكەی ئەردۆغان دەگەیەنێت، كە سەردەمانێك خەڵك پێی وابوو كەس ناتوانێت لەهەژموونی ئەو‌ كەم بكاتەوە.

دوو سەرچاوە لە ناو پارتی دادوگەشەپیدانەوە بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایانگەیاندووە، دوو ڕاپرسی ناوخۆیی لە ناو پارتەكەی ئەردۆغان دەریانخستووە، كە پشتیوانی جەماوەری دادوگشەپێدان بۆ‌ ڕێژەی 32-35% دابەزیووە.

لەهەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ساڵی 2014 پارتی داد و گەشەپیدان 43%ی دەنگەكانی بەدەستهێنا و زۆر لە پێش نزیكترین ڕكابەرییەوە بوو، كە پارتی گەلی كۆماری عەلمانییە كە لە 25% ی دەنگەكانی بەدەستهێنا.

دوو سەرچاوەكە ئەوەشیان ڕاگەیاند، ئەگەری ئەوە هەیە پارتی دادوگەشەپێدان لە هەڵبژاردنی ئایندە لە شاری ئەنقەرە بدۆڕێت‌و تووشی كێبڕكێیەكی توندیش دەبێت لەئەستەمبوڵ‌و ئەگەری لەدەستدانی ئەو شارەوانییەشی لەبەردەمدایە.

پارتی داد و گەشەپێدان لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا لە هەڵبژاردنەكاندا بەسەر هەردوو ئەنجوومەنی شارەوانییەكانی ئەنقەرە و ئەستەمبوڵدا و زۆربەی شارەكانی دیكەدا زاڵ بووە، ئەردۆغانیش لە پۆستی سەرۆكی شارەوانی ئەستەمبوڵەوە كاروانە سیاسییەكەی خۆی دەستپێكردووە، زۆر گرنگی‌ بە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان دەدات‌و بە بنەمایەكی بنچینەیی لەقەڵەم دەدات بۆ حوكمڕانی پارتەكەی لە حكومەتدا.

جاریس جینكینز، كە شڕۆڤەكارێكی بەناوبانگی كاروباری توركیایە دەڵێت: "ئەم پرسە بۆ ئەردۆغان پەیوەستە بەشان و شكۆ و پێگەی كەسی خۆشییەوە، ئەگەر هەردوو شاری ئەنقەرە و ئەستەمبوڵ بدۆڕێنیت، واتای ئەوەیە لە ئایندەدا پاشەكشە دەكات".

پارتی داد و گەشەپێدان وەك پارتێكی ئیسلامی لەساڵی 2002  زاڵ بوو بەسەر هەڵبژاردنەكاندا،  كە بەڵینی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بونیاندنانی ئابووری و یارمەتیدانی ملیونەها لەكەسانی هەژار و ئایندارانی توركیای ڕاگەیاند، كە پێشتر لەلایەن دەسەڵاتدارانی توركیاوە فەرامۆش كراوبوون.

سەرەتا ئەو پارتە دەستكەوت و گەشەسەندنی ئابووری باشی بەدەستهێنان بەهۆی ئەو پڕۆژانەی بونیادینان و ئەو قەرزانەی پڕۆژەكانیان پارەداركردن، ئابووریناسانیش هۆشداریاندا، كە ئەو پەرەسەندنە‌ بەردەوام نابێت، ئەوە بوو ساڵی پار بە هۆی تەنگژەی ئابوورییەوە دراوی نیشتمانی تووشی كێشە هات و هەڵاوسانی ئابووریش گەیشتە 25% و گەشەسەندیش لاوازی تێكەوت.

سەرباری ئەوەی لە ئێستادا پارتی داد و گەشەپێدانی ئەو ڕێوشوێنانەی گرتونەبەر، كە لە بەرژەوەندی چینە هەژارەكانن وەك بەرزكرنەوەی كرێ‌و كەمكردنەوەی هەندێك لەباجەكان لەسەر كەلوپەلە هاوردەكان، بەڵام واپێدەچێت كاریگەری ئەو ڕێوشوێنانە سنورداربن و ئابووری وڵاتیش بەرە و سستی و چەقبەستووی هەنگاو بنیت.

بەرپرسێكی گەورەی ئەو حیزبەش بۆ ڕۆیتەرز وتی: "پشتیوانی بۆ حیزبەكەمان لە نیوان 32-35% .. ئەمەش كەمترە لەچاوەڕوانییەكانی ئێمە، بەڵام هێشتا لە سەرەتای هەڵمەتی هەلبژاردنداین، كاریش لەسەر ئەو دەنگدەرانە دەكەین، كە هێشتا خۆیان یەكلایی نەكردووەتەوە".

هەروەها  وتیشی: "دۆخەكە لەئەنقەرە جێگەی دڵخۆشی نییە، لەوانەیە لەشارە گەورەكانی دیكەش توشی ئاڵینگاری دیكە ببینەوە"،  پێشی وابوو دۆخە لە ئەستەمبوڵ تاڕادەیەك باشە، كە گەوەرەترن شاری توركیا و پایتەختە ئابوورییەكەیەتی.

بەرپرسێكی دیكەی ئەو پارتەش دانی بەوەدانا، كە بنكە جەماوەرییەكەیان لە 35% زیاتر نییە، ئەمەش زۆر كەمترە لەو ڕێژەیەی لەدوا هەڵبژاردندا پارتەكەی ئەردۆغان بەدەستیهێنا كە 52.59% ی دەنگەكان بوو.

پارتی گەلی كوماریش داوایەكی ڕۆیتەرزی رەتكردەووە كاتێك داوای ئەوەی لێكرا مەزەندەی دەنگەكانیان بكەن بۆ هەڵبژاردنی ئایندە، كە بەرپرسێكی گەورەی ئەو پارتەش ڕایگەیاند ئامانجیان بردنەوەیە لە هەندێك لە شارە گەورەكان و لەوانەش ئەستەمبوڵ و ئەنقەرە. 

سێیەم شاری گەورەی توركیاش، كە ئەزمیرە شوێنی سەرهەڵدانی پارتی گەلی كۆمارییەو بۆ ئەو پارتە یەكلابووەتەوە.

لەم دوایانەشدا سەرۆكی توركیا ڕایگەیاند، بن عەلی یەڵدرم بۆ پۆستی شارەوانی ئەستەمبوڵ كاندید دەكەن، ئەمەش‌ بەمەبەستی هێشتنەوەی باڵادەستی پارتی داد و گەشەپێدان لەشارە گەورەكانی توركیا لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2019 ، ئەو هەنگاوە لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە ڕەخنەی توندی لێگیرا، بەپێیەی پێیان وایە ئەم كارە نایاساییە، كە سەرۆكی پەرلەمانی ئێستا بۆ هەڵبژارنە شارەوانییەكان كاندید بكرێت.