خواستی توركیا بۆ دروستكردنی ناوچەی ئارام لەسوریا ناوچە كوردییەكان دەگرێتەوە

کوردستان

17/01/2019‌ 688 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەو ناوچە ئارامەی، كە توركیا پێداگیری دەكات بەدرێژایی سنوور لەگەڵ سوریا بە درێژی ٤٦٠ كیلۆمەتر و بە قووڵایی ٣٢ كیلۆمەتر دروستی بكات شارو شارۆچكەكانی سەر بەپارێزگاكانی حەلەب، رققە و حەسەكە دەگرێتەوە، كە ئەو ناوچانەش زۆربەی ناوچەی كوردین.

ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی لەو بارەوە رووپێویییەكی بڵاوكردووەتەوەو بەپێی ئەو رووپێوییەش، ناوچەی ئارام شارو شارۆچكەكانی سەر بە پارێزگاكانی حەلەب، رققە، حەسەكە دەگرێتەوە و بە درێژایی ٤٦٠ كیلۆمەتر لەسەر سنوری توركیا لەگەڵ سوریا بە قووڵایی ٢٠ میل (٣٢ كیلۆمەتر) شۆڕدەبێتەوە.

دیارترین و گرنگترین ئەو ناوچانەی، كە لە چوارچێوەی ناوچەی ئارامدا دەیانگرێتەوە، ئەو ناوچانەن دەكەونە باكووری ھێڵی نێوان ھەردوو گوندی سڕین لەپارێزگای حەلەب و عەین عیسا سەر بە پارێزگای رققە، كە زۆربەی ناوچەكان ناوچەی كوردین.

ھەروەھا ناوچە ئارامەكە، شاری قامیشلۆو شارۆچكەكانی رەئس عەین، تەل تەمەر، دەرباسییە، عامودا، وەردییە، تەل حمیس، قەحتانییە، یەعربییە، مالیكییە لەپارێزگای حەسەكە لەخۆدەگرێت.

جگە لەوەش ناوچەی ئارام ھەریەك لەناوچەكانی كۆبانی سەربە پارێزگای حەلەب و تەل ئەبیەز سەربە پارێزگای رققە دەگرێتەوە.

رۆژی سێشەممەی رابردوو ، رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، وڵاتەكەی ناوچەی ئارام لە سنوورەكەی لەگەڵ سوریا بە قوڵایی ٢٠ میل (٣٢ كیلۆمەتر) دروست دەكات.

هەروەها رۆژی دووشەممەی رابردووش سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترامپ رایگەیاند، كە وڵاتەكەی دەیەوێت ناوچەی ئارام لەباكووری سوریا بە قووڵایی ٢٠ میل دروست بكرێت.

هـ ـ ح