نێچیرڤان بارزانی نایەوێت جێگری هەبێت
چاوی لەوەیە سەرۆكی هەموو هەرێمی كوردستان بێت

کوردستان

17/01/2019‌ 4547 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نێچیرڤان بارزانی لەپۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان نایەوێت جێگری هەبێت‌و چاوی لەوەشە، سەرۆكی هەموو هەرێمی كوردستان بێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دراوە بەشارپرێس، نێچیرڤان بارزانی، كە كاندیدە بۆ سەرۆكی هەرێم، لەكۆبوونەوە ناوخۆییەكانی حیزبەكەی رایگەیاندووە، لەئێستاداو لەكاتی وەرگرتنی پۆستەكەی نایەوێت جێگری هەبێت.

هەر بەپێی زانیارییەكان، نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاندووە، كە نیازی ئەوەی هەیە لەپۆستەكەی سەرۆكی هەموو هەرێمی كوردستان بێت، بۆیە ناشیەوێت، حیزبەكان جێگرێكی بۆ دیاریبكەن‌و لەگفتوگۆكان بیسەپێنن، كە دواتر ئەو جێگرە ببێتە رێگری بەردەم كارەكانی لەچەند ناوچەیەك.

نێچیرڤان بارزانی، لەلایەن پارتی دیموكرات كاندید كراوە بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، كە ئەو پۆستە ماوەی ساڵێك زیاترە لەهەرێمی كوردستان هەڵپەسێراوەو پێشتر لای مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی بوو.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، ئەگەر لایەنەكان داوای جێگر بۆ سەرۆكی هەرێم دەكەن، ئەوە دوای كاراكردنەوەی پۆستەكەو دەستبەكاربوونی نێچیرڤان بارزانی، بەپێی پێویستی‌و لەداهاتوو خۆی كەسێك بۆ جێگری دیاریدەكات، نەك ئەوەی لایەنەكان داوای دەكەن.

هـ ـ ح