بەشیر حەداد لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی تاوتوێی پڕۆژەیاسای بودجە دەکات

عیراق

17/01/2019‌ 255 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆكوەزیرانی عێراق و جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق تاوتوێی پڕۆژەیاسای بودجە و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا دەکەن. 

د. بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بە ڕوداوی راگەیاندوە "دوای نیوڕۆی ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆكوەزیران عادل عەبدولمەهدی کۆبووەتەوە و كۆمەڵێك پرسی گرنگمان تاوتوێكرد، دیارترینیان بودجەی عێراق بەگشتی و لەنێویشیدا بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان، هەروەها جەخت لەسەر جیاكردنەوەی مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە لە هەموو ململانێكان و بەشەكانی دیكەی بودجە كرایەوە".

بەشیر حەداد ئاماژەی بەوەشدا "باسمان لە هێوركردنەوەی بارودۆخی شاری كەركووك بەپێی مادەی 140ی دستوور و بە سازان و رێككەوتن لەنێوان پێكهاتە سەرەكییەكانی شارەكە کردەوە. هەروەها رەوانەكردنی شاییستە داراییەكانی جووتیاران و دابەشكردنی نەوت بەسەر كەمپی ئاوارەكانی سنووری هەرێمی كوردستان".

جێگری سەرۆکی پەرلەمان بە سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیاندووە "پێویستە حكومەت پشتگیری لە دەسەڵاتی شەرعی و هەڵبژێردراوی ناوچەكە بكات و سەرۆكوەزیران هەوڵی جیدی بدات بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا".

سەبارەت بە هاوتاكردنی مووچەی خانەوادەی شەهیدان لەگەڵ بەغدا، بەشیر حەداد وتویەتی"هاوتاكردنی مووچەی خانەوادەی شەهیدان، ئەنفالكراوان و زیندانیان سیاسی قۆناخی باشی بڕیوە و دەتوانم بڵێم رەزامەندی دەزگای شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و وەزارەتی شەهیدانی بەدەستهێناوە بۆ خەرجكردنی ئەو شایستانە".
هـ ـ ر