سەرۆکی ئەمەریکا ستراتیژیەتی نوێی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەی ڕادەگەیەنێت

جیهان

17/01/2019‌ 546 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆکی ئەمەریکا ستراتیژیەتی نوێی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەی ڕاگەیاند و دەڵێت "دەبێت ئەمەریکا سیستەمێکی نوێی بەرگری هەبێت کە هیچ سیستەمێکی دیکە لە جیهاندا پـێی نەگاتەوە".

ئەمڕۆ پـێنجشەممە دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی ئەمریکا سەردانی وەزارەتی بەرگری کرد و لەوێ لەگەڵ پاتریک شاناهان وەزیری بەرگری بە وەکالەت و هەموو کاربەدەستان و ئەفسەرانی باڵا لە وەزارەتەکە کۆبووەوە بە مەبەستی تاووتوێکردنی ئەم ستراتیژیـیە نوێـیە.

دۆناڵد ترامپ لە وتارێکدا ڕایگەیاند "6 گۆڕانکاری گەورە لە ستراتیژیـیەتی بەرگری موشەکی ئەمەریکا دەکرێت، لەوانە دەبێت لە پـێش هەموو شتێکەوە بۆ بەرگریکردن لە خەڵکی ئەمەریکا بێت، ئەوەش پـێویستی بە 20 بنکەی نوێی بەرگری ئاسمانی هەیە لەگەڵ ڕادار و ئامێری نوێی بەدیکردنی موشەک، وە دەبێت ئەو سیستەمی بەرگریـیە هەموو شارێکی ئەمەریکا بپارێزێت".

دۆناڵد تڕەمپ ئاماژەی بەوەشدا "گرنگی زیاتر دەدەن بە بەدیهێنانی تەکنەلۆجیای نوێ، چونکە جیهان گۆڕانکاری بەسەردا دێت، بۆیە دەبێت ئەمەریکا خێراتر گۆڕانکاری بکات تاوەکو هەمیشە لە پـێشەوە بێت".

 

تڕەمپ باسی لە ئێران کرد و وتی "ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو تاقیکردنەوەیەکی ئاسمانی کرد، ڕاستە شکستی هێنا، بەڵام زانیاری گرنگی لە ڕێگەیەوە بۆ ئاشکرابووە و  ئەگەر شکستی نەهێنایە ئەوا دەیتوانی موشەکی کیشوەر بڕ دروستبکات کە بگاتە ئەمەریکا، ئەمەش نابێت ڕووبدات".

سەرۆکی ئەمریکا وتیشی "نابێت ئەمەریکا هەمان ئەو موشەکانەی پـێشوو دروستبکاتەوە یان گۆڕانکاریـیەکی بچوکیان تیایدا بکات، بەڵکو دەبێت بە چەندان هەنگاو لە پـێش هەموو جیهانەوە بێت".

سەرچاوە: دەنگی ئەمریکا

هـ ـ ر