مۆنیتەر: ئەردۆغان نیگەرانی دەربڕيوە لە کاندیدنەکردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆکی حکومەتی نوێی هەرێم

کوردستان

17/01/2019‌ 5931 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆکی تورکیا نیگەرانی خۆیی دەربارەی کاندیدنەکردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەتی نوێ هەرێم گەیاندوەتە پارتی.

ڕۆژی پێنج‌شەممە ماڵپەری ئەلمۆنیتەر بڵاویکردووەتەوە "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا نیگەرانە لەوەی کە پارتی نێچیرڤان بارزانی کاندید نەکردوە بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەت و لەجێی ئەو مەسرور بارزانی کاندیدکراوە بۆ ئەو پۆستە".

سەرچاوەیەک بە مۆنیتەری ڕاگەیاندوە "مانگی ڕابردو کە پارتی مەسرور بارزانی کاندید کردوە بۆ پۆستی سەرۆکی نۆهەمین کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر ئەو کاتە ڕاستەوخۆ ئەردۆغان پەیوەندی کردوە بە نێچیرڤان بارزانییەوە و نیگەران و دودڵی خۆی لەو بارەیەوە پێ گەیاندوە و پێشی ڕاگەیاندوە ئایا ئەو لەو گۆڕانکاریانە ڕازییە و پێیان ئاسودەیە یاخود نا".

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەداوە "نیچیرڤان بارزانی بە ئەردۆغانی وتوە هیچ دودڵ نەبێت لەو بارەیەوە و بڕیارەکە کۆدەنگی لەسەر بوە لەنێو حیزبەکەیدا".

ماڵپەرەکە هۆکاری نیگەرانییەکانی ئەردۆغانی بۆ ئەوە گەڕاندوەتەوە "کە لەماوەی ١٠ ساڵی ڕابردودا پەیوەندییەکانی پارتی و تورکیا و هەروەها هەرێمی کوردستان و تورکیا بەهۆی نێچیرڤان بارزانییەوە بوە کە لەگەڵ ئەردۆغاندا پەیوەندییەکانی زۆر باشیان هەبوە".

ماڵپەرەکە وتوشیەتی "لەماوەی حوکمداری نێچیرڤان بارزانیدا، ئەردۆغان چەندین بکەی چاودێری سەربازی هێناوەتە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ چاودێری و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن دژی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە و هەروەها ساڵی ٢٠١٤ ئەردۆغان و نێچیرڤان بارزانی گرێبەستێکی ٥٠ ساڵەیان واژۆکرد بۆ نەوتی هەرێم و هەر ئەوەش پەیوەندییەکانی نێچیرڤان بارزانی و ئەردۆغانی بەهێزکردوە".

سەرچاوەکە ئەوەشی وتوە "کاندیدنی کردنی مەسرور بارزانی کارێکی ئاسان نەبوە و تەنها بابەتێکی ناوخۆیی حیزبی نەبوە بەڵکو کاریگەری هەرێمی لەسەر ئەو بڕیارە هەبوە".

ماڵپەری ئەلمۆنیتەر وتوشیەتی "ئەو هەڵوێستەی ئەردۆغان دوای ئەوە دێت کە لەچەند ساڵی ڕابردودا ئەردۆغان بەشێوەیەکی ئاشکرا دەستێوەردانی کردوە لە کاروباری سەرجەم پارچەکانی کوردستاندا و هەوڵیداوە نەهێڵێت هیچ بەرەو پێشچونێک لە بابەتە نەتەوەییەکان ڕوبدات و دیارترین هەڵوێستە دەژەکانیشی بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لە ئەیلولی ساڵی ٢٠١٧و هەروەها داگیرکردنی شاری عەفرین لەلایەن سوپای تورکیا و هەروەها ئێستاش بەردەوامە لە سەرکوتکردنی کوردان لە وڵاتەکەی خۆی و بەردەوامیشە لە هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان.
هـ ـ ر