ناوی پەرلەمانی عێراق بە "شكست" دەچێتە كتێبی گینس

عیراق

18/01/2019‌ 461 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەمیشە دەزگا فەرمییەكانی وڵاتان بەسەركەوتن ناوی خۆیان تۆماردەكەن، بەڵام بەپێچەوانەوە پەرلەمانی عێراق شكست لەسەر شكست تۆماردەكات.

پەرلەمانی عێراق لەدوای 135 رۆژ لەدەستبەكاربوونی خولی نوێ‌‌و لەدوای چوار مانگ دەوامكردن، تائێستا نەیتوانیوە یەك پرۆژە یاسا تێپەڕێنێت‌و پەسەندی بكات.

ئەمە لەكاتێكدایە لەكۆتایی ئەم مانگە كۆتایی بە وەرزی یەكەمی یاسادانی پەرلەمان دێت‌و پشووی زستانەی دەستپێدەكات، بەم پێیەش بەهۆی ئەو ماوە زۆرەی هیچ یاسایەكی پەسەندنەكردووە، ناوی دەچێتە كتێبی گینس بۆ ژمارە پێوانەییەكان.

پەرلەمانی عێراق تائێستا و لەم خولە 26 دانیشتنی ئەنجامداوەو خوێندنەوەی بۆ شەش پرۆژە كردووەو گرنگترین پرۆژەش لەبەردەمی پرۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراقە بۆ ساڵی 2019.

پەرلەمانی عێراق هەر لە تێپەراندنی پرۆژەیاساكان شكستی نەخواردووە، بەڵكو تائێستاش نەیتوانیوە پێكهاتەی كابینەی نوێ‌ تەواو بكات‌و چەند وەزارەتێك تائێستا وەزیریان بۆ پەسەندنەكراوە.

هـ ـ ح