سوریا دان بەفیدراڵی رۆژئاوای كوردستان دەنێت
وردەكاری بەندەكانی "نەخشەرێگەی" گفتوگۆكانی دیمەشق‌و قامیشلۆ

کوردستان

18/01/2019‌ 9408 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەی شەرقلئەوسەتی سعودی، وردەكاری ئەو "نەخشەرێگا"ی ئاشكراكرد، كە لەئەنجامی گفتوگۆكانی نێوان دیمەسق‌و قامیشلۆ هاتووەتە ئاراوە بۆ چارەسەری كێشەی كورد لەسوریا.

بەپێی رۆژمامەكە نەخشەرێگاكە لە 11 بەندو مادە پێكهاتووەو خاڵی سەرەكیشی دانانی سوریایە بەو سیستەمە فیدراڵییە خۆبەرێوەبەرییەی لەرۆژئاوای كوردستان‌و باكووری سوریا راگەیەنراوە.

هەر بەپێی رۆژنامەكە، هەروەها سوریا هەموو ئەو رێكارانە هەڵدەوەشێنێتەوە ، كە لەسەردەمی رابردوو دژی كورد گرتوویەتییە بەر، لەگەڵ داننان بەگەلی كورد وەك گەلێكی سەرەكی لەسوریا.

هەروەها بەندێكی تری نەخشەرێگاكە سوریا وەك وڵاتێكی یەكگرتوو پێناسە كراوە، ئەوەش بەپێی ئەو دانپێدانانە نێودەوڵەتییەی بۆ سنوورەكەی دانراوەو وڵاتێكی ناوەندیشەو پایتەختەكەی دیمەشقە، سەرۆكی سوریاش، كە گەل هەڵیدەبژێرێت سەرۆكی هەموو سوریا دەبێت.

لەبەندەكانی تریش هاتووە، كە سامانی وڵات سامانێكی نیشتمانییەو دەبێت گەلی سوریا سوودی لێوەربگرێت‌و دیمەشق بەپێی دەستوور بریارە یەكلاكەرەوەكان لەسەر سیاسەتی سوریا دەردەكات.

لەبەندێكی تریش هاتووە، كە سوریا ئاڵایەكی یەكگرتووی دەبێت، كە ئەویش ئاڵای ئێستای سوریای عەرەبی كۆمارییەو لایەنی كوردیش دەبێت دان بەو یەكگرتووەی سوریا بنێن.

لەبارەی چارەنووسی شەرڤانانی سوپای سوریای دیموكراتیش، هێڵراوەتەوە بۆ گفتوگۆكانی داهاتوو، كە دەبێت ببێتە بەشێك لەسوپای سوریاو دیمەشق سەرپەرشتیان بكات.

ماوەیەكە كوردانی سوریا دەستیان بەگفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق كردووە، ئەوەش دوای هەرەشەكانی سوپای توركیا بۆ سەر ناوچە كوردییەكان‌و ئەو ناوچانەی بەدەست یەكینەكانی پاراستنی گەل یەپەگەوەن لەباكووری سوریا.

هـ ـ ح