لیژنە هاوبەشكانی پارتی‌و یەكێتی بۆ پێكهێنانی حكومەت دەست بەكار دەكەن

کوردستان

18/01/2019‌ 641 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئاراس وەلی ئەندامی شاندی گفتوگۆكانی بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتی دیموكرات رایگەیاند، لەو كۆبوونەوانەی تائێستا لەنێوان ھەردوولا ئەنجامدراون خاڵی كۆك و ھاوبەشیان زیاترەو ئاشكراشیكرد، كە بەمزووانەش لیژنە ھاوبەشكانی نێوانیان دەست بە كۆبوونەوەكانیان دەكەن.

ئاراس وەلی لەمیانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵ، راشیگەیاند، لەچەند رۆژی داھاتوودا لیژنە ھاوبەشكانی نێوان گۆڕان و پارتی دەست بەكارەكانیان دەكەن لەسەر وردەكاری پێكھێنانی حكومەتی نوێ "لەدواین كۆبوونەوەمان لەگەڵ شاندی دانوستانكاری پارتی ( رۆژی دووشەمەی رابردوو لە سلێمانی بەڕێوەچوو) دوو لیژنەمان پێكھێناوە، یەكەمیان تایبەتە بە بنەما سەرەكییەكانی كارنامەی حكومەت، كە رەنگە ئەركی ئەم لیژنەیە درێژە بكێشێت لەگەڵ لایەنی تریش بێنە نێو حكومەت ، بۆ ئەم لیژنەیە بنەمای سەرەكی ئێمە ئەوەیە ئەو كۆڵەكە سەرەكییانەی ئێمە بڕوامان پێیەتی و پڕەنسیپ و كاركردنی ئێمەیە لە حكومەت بتوانین لە كارنامەی ئەم حكومەتەدا جێگای بكەینەوە لە پرسی نەوت و پێشمەرگە و جۆری كابینەی حكومەت".

ئەو ئەندامەی شاندی گۆڕان هەروەها رایگەیاند، "لیژنەی دووەم پەیوەستە بەوەی بە چ پێوەرێك ئێمە و لایەنی تر لە كابینەكەدا چ پۆستێك وەرگرن ، لە زۆربەی زۆری وڵاتان پێوەرێك دادەنرێت بۆ دیاری كردنی بەھای وەزارەت و پۆستەكان ، بۆیە دەبێت لە دابەشكردنی پۆستە سیادی و خزمەتگوزارییەكان پێوەرێك ھەبێت و بگەڕێینەوە بۆ ئیستحقاقی ھەڵبژاردن".

ئاراس وەلی، كە بۆخۆی ئەندامی یەك لەو لیژنانەی حیزبەكەیەتی باس لەوەش دەكات، بڕیاربوو لیژنەكان لەپێش ھاتنی ساڵی نوێ بەشێوەیەكی دووقۆڵی كۆبونەوەی خۆیان بكەن بەڵام بەھۆی چەند ھۆكارێكەوە ئەنجام نەدران، چاوەڕوان دەكەن لەم چەند رۆژەی داھاتوودا ئەو كۆبونەوانە بەڕێوە بچن و دەست بەكاری خۆیان بكەن.

وەلی ئاماژەی بەوەش كرد، كۆبوونەوەی داھاتووی شاندی دانوستانكاری ھەردوولا پەیوەستە بە تاوتوێكردنی ئەنجامی كاری ئەم لیژنانە و زۆر بابەتی تر ، ئەو وتی: "بنەما سەرەكییەكە ئەوەیە كە ئێمە ئەگەر بەشداری حكومەت دەكەین چ جۆرە بەشدارییەك دەكەین و ھاوبەشییەكەمان چۆنە و دەسەڵاتەكەمان چۆنە، لە ھەمووشی گرنگتر ئەوەیە كارنامەی حكومەتەكە چۆنە و سەقفی زەمەنی دابنرێت بۆ جێبەجێكردنی ئەو كارنامەیە، بنەماكەی تریان ئەوەیە كە نابێت ھاوشێوەی ھەڵبژاردن لە بەشداری كردنی حكومەتیش ستەممان لێبكرێت و پۆستی ھامشی بێت ، بەڵكو دەبێت بە دەسەڵاتەوە لە حكومەت بەشداری بكەین".

ئەو بەرپرسەی گۆڕان لە ھەمانكاتدا باس لەوەش دەكات كە تائێستا بزووتنەوەكەی بەشێوەیەكی كۆتایی بڕیاری خۆی نەداوە لەوەی بەشداری حكومەت دەكات یان نا و چاوەڕوانی ئەنجامی كۆبوونەوەكان و بەرچاوڕونی دەكەن، دواتر بڕیاری كۆتایی لەلایەن جڤاتی نیشتمانی گۆڕانەوە دەدرێت.

سەبارەت بەدەنگۆی ئەو پۆستانەی لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بۆ بزووتنەوەی گۆڕان لە كابینەی نوێی حكومەت دیاری كراون، ئاراس وەلی لە وەڵامدا گوتی:" لە میانی كۆبوونەوە و گفتوگۆكاندا دوو وەرەقەمان داوەتە شاندی دانوستانكاری پارتی ، یەكەم تایبەتە بە بنەما سەرەكییەكانی كاركردنی حكومەت ، بابەتی دووەمیش تایبەتە بەو ئیستحقاق و پشكەی ئێمە لە حكومەت وەری دەگرین ".

ئەو باس لەوەش دەكات، تائێستا لە میانی ئەو كۆبونەوانەی لەگەڵ شاندی پارتی ئەنجامیانداوە خاڵی ھاوبەش و كۆكیان زیاترە و لەسەر چەند پرسێكیش بۆچونی جیاوازیان ھەیە و چاوەڕوان دەكەن لە ئەنجامی كۆبونەوەكان بگەنە ئەنجام .

لە بارەی پرسی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستانیش كە لە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان خاڵی ناكۆكی نێوان ئەم لایەنە بوو، ئەندامەكەی شاندی گفتوگۆكانی بزووتنەوەی گۆڕان گوتی:" پرسی سەرۆكایەتی ھەرێم پرسێكە دەكەوێتە ئەستۆی كابینەی نوێی حكومەت و پەرلەمان كە چارەسەرێكی بۆ بدۆزێتەوە لە بابەتی دەسەڵاتەكان و پێگەی سەرۆكی ھەرێم لە حوكمڕانی وڵاتەكە ، ئێمە پڕۆژەمان ھەبووە و كارمان لەسەر كردووە و بابەتێكی گرنگە بەلای ئێمەوە تاوەكو حوكمڕانی ئەم وڵاتە بەھێز بكات ، پێویستە ھەموولایەكیش جۆرێك تێگەیشتنی ھاوبەشمان ھەبێت بۆ ئەوەی دووركەوینەوە لەو دۆخەی پێشتر ھەمانبوو ".

ئاراس وەلی ئەوەشی وت:" دواكەوتنی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكومەت پەیوەندی بە ئێمەوە نییە و نەبوینەتە ھۆكاری دواكەوتنی ئەو حكومەتە، لەم كۆبوونەوەیەش باس لەوە كراوە و پێویستە گوشار بكرێت لەوەی چیتر لەوە زیاتر پێكھێنانی حكومەت دوانەكەوێت كە زیاتر پەیوەندی بە یەكێتی و پارتی خۆیانەوە ھەیە ، باس لەوەش كراوە تا سەرەتای مانگی داھاتوو دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دیاری بكرێت و كۆبونەوەكان دەستپێبكاتەوە".

بەپەلە