ئێران بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی تووشی کێشە بووەتەوە و ئاستی فرۆشی نەوتی زۆر دابەزیوە

جیهان

18/01/2019‌ 1651 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بۆ یەکەمجار بەرپرسێکی ئێران ئاشکرایدەکات "وڵاتەکەی بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی تووشی کێشەی گەورە بووەتەوە".

ئاژانسی یۆرۆ نیوز لەسەرزاری موحەمەد باقڕی نەوبەخت، جێگری سەرۆک کۆماری ئێران، کە لەهەمانکاتیشدا سەرۆکی بەرنامەو بودجەی ئەم وڵاتەیە، ڕایگەیاندوە "لە ئێستادا وڵاتەکەمان لەگەڵ سزاکاندا دەست وپەنجە نەرم دەکات، چونکە لە بواری هەناردەکردنی نەوتی وڵاتەکەمان بەتووندی تووشی کێشە بووینەتەوە، بەشێوازێک کە لە 2ملیۆن و 410هەزار بەرمیل فرۆشتنی نەوت کە بۆ ساڵی 2019دیاریمان کردووە و داهاتی پێشبینیکراوی 47ملیارد دۆلار بۆ بودجەی ئەم ساڵە لەم بوارەدا، لە ئامانجی خواستراومان وا دیارە بەتەواوی دووری خستووینەتەوە".

موحەمەد باقڕی نەوبەخت ئاماژەی بەوەداوە "ئێمە بەس توانیومانە لەمساڵدا 2ملیۆن و800هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکەین، کەئەمەش نە تەنها تووشی کێشەی کەمفرۆشتنی نەوتەکەمان بووینەتەوە، دوچاری کەمی پارەی وەدەستهاتووو لەنەوت وگواستنەوەشی لە ئێستادا هاتووینەتەوە".

جێگری سەرۆک کۆماری ئێران، ئەوەشی وت "ئەمریکا سزای ئاسمانی ئێرانیشی داوە و کە بۆ هەناردەکردنی نەوت مەجبوورین لە کەشتییەکانمان سوود ببەین، بەڵام لە ئێستاشدا یەکەی کەشتیگەلی ئێرانیش سزادراوە و ئەگەر کەشتییەکیش بۆ هەناردەکردنی نەوتمان بدۆزینەوە، دەبێت ئەوان بیمە و گرنتینامە بۆ بکەین، بەڵام بیمەکردنی ئێمەش لە ڕیزی سزاکانەوە دانراوە".

سەرۆکی بەرنامەو بودجەی ئێران وتیشی "بەداخەوە ئێمە لەهەلومەرجێکی سەخت لە ڕوانگەی نێودەوڵەتییەوە ڕووبەڕووین، بەشێوازێک کە تەنانەت بینەری ئەوەین تا کەسێک و وڵاتێک پەیدا بکەین لەگەڵ ئەودا گفتگۆ بکەین، بۆڕۆژانی دواتر دوژمنانمان ئەوان لە هاوکاریکردنمان پەشیمان دەکەنەوە".

ئەمەش یەکەمجارە کە پلە باڵایەکی فەرمیی ئێران کاریگەری سزاکان لەسەر ئابووری وڵاتەکەی دانپیادا دەنێت. چونکە ڕوانگەی گشتی بەرپرسانی ئەم وڵاتە لەکاریگەری سزاکان، بەس لەسەر کاریگەرییەکان لە سەردۆخی ژیان لە کۆمەڵگا، کەمی دەرمان و پێداویستی، کێشەی هاتووچۆ بە فڕۆکە لەم ماوەیەدا ئاماژەی پێکراوە و لە دەستپێیکی گەڕی نوێی سزاکانیش لەسەر ئەم وڵاتە، بەرپرسانی ئێران لە زاڵبون بەسەر سزاکان و فرۆشتنی نەوت قسەیان کردبوو.
 لەگەڵ ئەوەشدا کارناسان ئاوا بڕیارێک پێچەوانە لێ دەڕوانن وئاماژە بەوە دەکەن کەئەمریکا بۆ ڕازیکردنی هەندێک وڵات و ڕێگرتن لە زیادبوونی نیگەرانیەکانی ئەم وڵاتانە ڕەنگە هەمدیسانەوە ئەوان ببەخشێتەوە.

هـ ـ ر