برێت مەکگۆرک: بڕیاری کشانەوەی سوپای ئەمریکا لە سوریا هەڵەیەکی کارەساتبارە

جیهان

18/01/2019‌ 1288 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
برێت مەکگۆرک ڕایدەگەێنێت "بڕیاری کشانەوەی سوپای ئەمریکا لە سوریا هەڵەیەکی کارەساتبارە و دوژمنەکانی واشنتۆن بۆشاییەکە پڕدەکەنەوە".

برێت مەکگۆرک نوێنەری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا بۆ شەڕی داعش لە سوریا و عێراق لەسەر کشانەوەی ئەمریکا لە سوریا بێدەنگی شکاند و ڕایگەیاند "بڕیاری کشانەوەی سوپای ئەمریکا لە سوریا هەڵەیەکی کارەساتبارە و، دوژمنەکانی واشنتۆن بۆشاییەکە پڕدەکەنەوە و دەبێتە هۆی ئاوارەبوونی هەزاران هاووڵاتی کورد و مەسیحی".


برێت مەکگۆرک لە وتارێکدا کە لە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاویکردووەتەوە ئاماژەی بەوەشداوە "داواکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ دانانی پلانێک بۆ کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە سوریا "گەمژانەیە" لە سایەی نەبوونی هیچ هەڵسەنگاندنێکی ورد بۆ مەترسییەکان، کە لە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا دێنە ئاراوە و نەبوونی توێژینەوەیەکی ورد بۆ هیچکام لە سوریا و ڕێکخراوی داعش".


مەکگۆرک ئەوەشی وتوە "هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەستکەوتی گەورەی بەدەستهێناوە لە شەڕی دژی داعش، ئەو دەستکەوتانەش بە هاوکاریی هاوبەشەکانی واشنتۆن بەدیهاتوون لەسەر زەوی، بەتایبەت "قوربانییەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات و سوپای عێراق و پێشمەرگە،" هەموو ئەوانە خوێنی خۆیان بەختکردووە".


نوێنەری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا بۆ شەڕی داعش لە سوریا و عێراق وتوشیەتی "سەرۆکی ئەمریکا ئەو بڕیارەی داوە بێ گفتوگۆ و وتووێژ لەگەڵ کۆنگرێس و هاوپەیمانەکانی، بۆیە دەستبەجێ هەستی بە مەترسیی ئەو بڕیارە کردووە و نەیتوانیوە بچێتە ژێر کاریگەرییەکانی ئەو ڕێنماییە نوێیانە و، لە ڕۆژی ٢٢ی کانوونی یەکەمی ڕابردوودا دەستی لە کار کێشاوەتەوە".


سەبارەت بە دامەزراندنی ناوچەیەکی ئارام بە قوڵایی ٣٢ کیلۆمەتر لە ناوخۆیی خاکی سوریادا، مەکگۆرک لەوبارەیەوە وتوویەتی "ترەمپ ئەو پێشنیارەی لە تویتەرەوە بڵاوکردووەتەوە، پێدەچێت بێ هیچ لێکدانەوە و شیکارییەک درابێت، چونکە ئەو بڕیارە سەرجەم ناوچە کوردییەکان دەگرێتەوە و هیچ هێزێکی ئامادەش نییە بۆ لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی و چاوەڕوانیش دەکرێت، چوونە ناوەوەی هێزەکانی نزیک لە تورکیا بۆ ئەو ناوچانە ببێتە مایەی کۆچپێکردنی هەزاران هاووڵاتی کورد و مەسیحی و هەڕەشە بۆ سەریان".


 برێت مەکگۆرک لە سەردەمی باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئەمریکاوە نوێنەری سەرۆکی ئەو وڵاتەیە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و بۆ ماوەیەکیش لە سەردەمی ترەمپ ئەرکەکانی خۆی جێبەجێکرد، دواجار لە ڕۆژی ٢٢ی مانگی کانوونی یەکەمی ڕابردوودا دوای بڕیارەکەی ترەمپ سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانیان لە سوریا، دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە.

هـ ـ ر