دەباغ: هەرێم لەگەمارۆكانی سەر ئێران لەژێر فشاری ئەمریكادایە

کوردستان

19/01/2019‌ 795 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نازم دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان تاران، دەڵێت: عێراق ڕێگە بەوە نادات، خاكی وڵاتەكەی بۆ هێرشكردنە سەر ئێران بەكار بهێنرێت، ئاشكراشیكرد، كە هەولێر لەگەمارۆكانی سەر ئێران لەژێر فشاری تاراندایە.

نازم دەباغ دەشڵێت: لەشانۆی كێبڕكێكانی نێوان ئەمریكا و ئێران لەعێراق، بەغدا بەرژەوەندی خۆی دەپارێزێت، بەڵام سنوورە جوگرافییەكانی عێراق لەگەڵ ئێران بابەتێكی گرنگە، بۆیە بەغدا پەیوەندییەكانی لەگەڵ تاران بەهێزتر دەكات.

قسەكانی نوێنەری هەرێم، لەمیانی چاوپێكەوتنێكی بووە لەگەڵ ئیرۆ نیوز، دوای ئەوەی هەفتەی رابردو محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، هاوڕێ لەگەڵ شاندێكی ئابووری سەردانی عێراق و هەرێمی كوردستانیان كرد,

سەردانەكە، كە چەند ڕۆژێك پاش سەردانی ڕانەگەیەندراوی مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ بەغداو هەولێر بوو، كە وەزیرەكەی ئەمریكا لەو سەردانەیدا دەیویست نیگەرانییەكانی سەر گەشتەكەی مانگی رابردوو دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا بۆ چەند بنكەیەكی سەربازی عێراق بۆ بەرپرسانی عێراق روونبكاتەوە، كە لەسەردانەكەی سەرۆكی ئەمریكا لەگەڵ هیچ بەرپرسێكی عێراقی نەبینی‌و ئەوەش نیگەرانی دروست كرد.

هەروەها مایك پۆمپیۆ، جگە لەسەردان بۆ عێراق سەردانی چەند وڵاتێكی تری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی كرد، كە ئامانجی سەرەكی سەردانەكەی فشارخستنە سەر ئێران بوو، ئەوەش لەچوارچێوەی ئەو گەمارۆیانەی ماوەیەكە واشنتۆن، خستوویەتییە سەر تاران.

نازم دەباغ لەو بارەوە دەڵێت: ڕووگەی ئێمە بەهێزكردنی پەیوندییەكانمانە لەگەڵ ئێران و لەو بڕوایەداین، كە عێراق زیاتر دەبێت لەبیری بەرژەوەندییە نیشتیمانییەكانی خۆیدا بێت. 

هەروەها دەڵێت: هەر لەبەر ئەوەش بوو، لەم كۆتایانەدا هەموان بینەری ئەوە بووین، هەم سەرۆك كۆماری عێراق بەرهەم ساڵح سەردانی ئێرانی كرد و هەمیش وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان كرد و بڕیاریشە لەداهاتوویەكی نزیكدا ڕوحانی سەرۆك كۆماریش سەردانی عێراق و هەرێمی كوردستان بكات.

دەباغ لەو چاوپێكەوتنەیدا ئەوەش دەڵێت، كە هەرێمی كوردستانیش لەلایەن ئەمریكاوە بۆ سەپاندنی سزا لەسەر ئێراندا لەژێر گوشاردایە، "گوشارەكان بوونیان هەیە، چ بەئاشكراو چ نائاشكرا". بەڵام هەرێمی كوردستان و عێراق زیاتر لەبیری بەرژەوەندییەكانی خۆیاندان. 

كاریگەری بەهێزی وڵاتانی وەكوو ئەمریكا و بەریتانیا سنووردارە و ناتوانن لەهەموو شوێنێكی دونیا هەركارێك، كە دەیانەوێت ئەنجامی بدەن، "ئێمە دەبێت هەلومەجی جوگرافی كە لە ناوچەكەدا هەمانە لەڕوانگەدا دابنێین. ئەمریكییەكان بەپێی بەرژەوەندێكانی خۆیان لە ناوچەكە ئامادە دەبن و لەبەرئەمە وا بیر ناكەمەوەعێراق بتوانێت متمانەی بە ئەمریكا بێت"، دەباغ وای وت.