چوار وڵات داواى داعشە دەستگیرکراوەکانیان لە یەپەگە ده‌كه‌ن

کوردستان

19/01/2019‌ 1616 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
دەوڵەتەکانی ئەندۆنیزیا، روسیا، مەغریب و سودان بە فەرمی داوایان لە خۆبەڕێوەبەریى رۆژئاوای كوردستان كردووه‌ چه‌كداره‌ دەستگیرکراوەکانى داعش كه‌ ره‌گه‌زنامه‌ی وڵاته‌كه‌یان هه‌یه‌ رادەست بکاتەوە.

به‌پێی ئاژانسی فورات نیوز، یەکە تایبەتەکانى یەپەگە تاوەکو ئێستا لە ئۆپەراسیۆنەکانیدا لە باکووری سوریا زیاتر لە دوو هەزار و 700 چەكداری داعشیان دەستگیرکردووە و لە ئێستادا ئەو چه‌كدارانه‌ لە زیندانەکانى رۆژئاواى کوردستاندا راگیراون.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، زیاتر لە 800 کەس لەو چه‌كدارنه‌ خەڵکى وڵاتانى بیانین و هاوڵاتیى 46 وڵاتى جۆراوجۆرن.

بەڕێوبەریى خۆسه‌ری رۆژئاوای كوردستان بانگه‌وازی بۆ هه‌ریه‌كه‌ له‌ وڵاتانی ئەمریکا، فەرەنسا و ئەڵمانیا کردووە، کە بۆ دادگایکردنى داعشە دیلکراوەکان دەستبەکار ببن و وەریان بگرنەوە.

ساڵح موسلیم، بەرپرسی پەیوەندییەکانى دەرەوەى پارتى یەکێتیى دیموکراتیک (پەیەدە) لە دوایین چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ رۆژنامەیەکى ناوداری نەمسادا رایگەیاند، دەبێت ئەو داعشە بیانیانەى لە دەستى ئەواندان لەلایەن وڵاتەکانیانەوە وەربگیرێنەوە و دادگایى بکرێن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، مەترسیی ئەوە لە ئارادایە کاتێک دەوڵەتى تورک هێرش بکاتە سەر باکووری سوریا داعشە زیندانیکراوەکان هەوڵی هەڵهاتن بدەن.

ساڵح موسلیم راشیگه‌یاند، "ئەو چەتە بیانیانەى کە لە دەستماندان لە هەر چوار لاى جیهانەوە هاتوون و هێرشی دڕندانەیان بۆ سەر خاکی کوردان ئەنجامداوە، لە تێکۆشانی دژ بەو چەتانەدا ئێمە باجێکى زۆر قورسمان داوە و هەندێک لەو چەتانەکانمان دیلکردووە، پێویستە وڵاتەکانیان ئەوان وەربگرنەوە و دادگاییان بکەن".

بەپێى وته‌ی ساڵح موسلیم، تاوەکو ئێستا ئەندۆنیزیا، رووسیا، مەغریب و سودان داواى وەرگرتنەوەی ئەو چەتە دیلکراوانەیان لە بەڕێوەبەریى رۆژئاوای کوردستان کردووە، کە خەڵکی وڵاتەکانى ئەوانن.

موسلیم رونیكرده‌وه‌، لە ناوی ئەو وڵاتانە کە داواى وەرگرتنەوەى چه‌كداره‌ دیلکراوەکانى داعشیان کردووە و هیچ یەک لەو وڵاتانە ئەندامى یەکێتیى ئەوروپا نین، بۆیە داواى لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە بۆ بابەتى چەتە دیلکراوەکان و وەرگرتنەوەیان لەلایەن وڵاتەکانى خۆیانەوە دەست بە جموجوڵ بکات.

هاوكات ناوەندی راگەیاندنى  یەپەگە رایگەیاندووە، لە چوارچێوەى هەڵمەتى گەردەولولی جزیردا لە شارۆچکەى هەجینی دێرەزۆر هه‌شت چەكدارى داعشی خەڵکی وڵاتانى، ئۆزبەکستان، تاجیکستان، کازاخستان، ئوکرانیا، رووسیا و ئەڵمانیایان دیلکردووە.
ه.م