ھاوردە و ھەناردەكاران: نەمانی گومرگی نایاسایی جوڵەی بازرگانی ده‌بوژێنێته‌وه‌

عیراق

19/01/2019‌ 433 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆكی یەكێتیی ھاوردە و ھەناردەكارانی كوردستان رایگه‌یاند، بڕیارەكە كاریگەری لەسەر كەرتی بازرگانی دەبێت و ئەوەشی بەرامبەر بە بازرگانانی ھەرێمی كوردستان كرا، پێچەوانەی دەستوور بوو.

مستەفا عەبدولڕەحمان، سەرۆكی یەكێتیی ھاوردە و ھەناردەكانی كوردستان باوەڕی وایە، ئەو خاڵە گومرگییانەی بە نایاسایی جێگیر كرابوون، كاریگەریی زۆریان كردبووە سەر بزافی بازرگانیی نێوان ھەرێمی كوردستان و ناوچەكانی دیكەی عێراق، چونكە بەپێی دەستووری عێراق، تەنیا لە خاڵە سنوورییەكان باجی گومرگی دەبێت و لە نێوان پارێزگاكانی عێراقدا ھیچ جۆرە باج و ڕسووماتێكی گومرگی وەرناگیرێت.

لەبارەی بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی خاڵە گومرگییەكانی نێوان ھەرێم و پارێزگاكانی دیكەی عێراق، سەرۆكی یەكێتیی ھاوردە و ھەناردەكاران به‌ ماڵپه‌ری فه‌رمی پارتی راگه‌یاندووه‌، "رێككەوتن لەسەر پێناسی گومرگی كراوە لە نێوان ھەرێم و بەغدادا و لەمەودوا پێكەوە كار دەكەن لەسەر ئەو پرسانە و نابێت ھیچ كەس و لایەنێك لە عێراق بە شێوەی نایاسایی خاڵی گومرگی بكاتەوە".

مستەفا عەبدولڕەحمان راشیگه‌یاند، كردنه‌وه‌ی گومرگی  بابەتێكی فیدڕاڵییە و پەیوەستە بە رێككەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا، چونكە ئەوەی پێشتر لە شێراوە و ھەندێ ناوچەی نێوان دھۆك و مووسڵ ھەبوو، بڕیاری لابردنیان درابوو، بەڵام خەڵكێك لە عێراق ھەبوو رێگر بوون لەوەی ھەڵبگیرێن".

عەبدولڕەحمان رونیكردەوە، "جێبەجێكردنی بڕیارەكە، كاریگەریی زۆری لەسەر گەشەكردنی كەرتی بازرگانی دەبێت، چونكە بەشێكی زۆری بەرھەمی نێوخۆی ھەرێمی كوردستان دەچێتە ناوچەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، بۆیە نەمانی خاڵی گومرگی، كارئاسانیی زۆر دەكات بۆ بەرەوپێشبردنی كەرتی ئابووریی ھەرێمی كوردستان".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "پێشتر بەشێكی زۆر لە بەرھەمی كارگەكانی ھەرێمیش دەچووە ئەو ناوچانە، ھەروەھا چەندین بەرھەمی توركی ھەبوو لە رێگەی ھەرێمی كوردستانەوە دەگەیشتە مووسڵ و ناوچەكانی دیكەی عێراق، بەڵام بە داخەوە ئەو خاڵە گومرگییانە رێگر بوون".
ه.م